ئایا کۆرۆنا کۆتایی بە گلوباڵیزەیشن دەهێنێ؟

:: PM:09:38:19/03/2020 ‌

وا دیارە ئەو جیهانگەراییەی گۆرانیمان بە باڵایدا دەگوت و بە باشترین سیستەمی بەڕێوەبردنی هەموو دنیا هەژمارمان دەکرد، ناتوانێ لەبەردەم ڤایرۆسێکدا خۆی بگرێ و ناواخنی لەنگی سیستمەکەی ئاشکرا کردووە. بیرمەندان، لە ئێستەوە شیمانەی کۆتایی ئەو گلۆباڵیزەیشنەیان کردووە. لە بەرانبەریشدا ئەوە ڕوونە، هیچ سیستمێکی جێگرەوە بتوانێ بەهەمان فراوانیی جیهانگەرایی بگاتە هەموو دنیا، تا ئێستە نییە.

پێش ئەوەی بگەینە ئەوەی بیرمەندانی دنیا لەسەر ئەو کۆتایی گلوباڵیزەیشنە چی دەڵێن، ئەوە دەخەینە ڕوو کە بیرمەندانی کوردیش لەو ڕوانگەیەوە دوانەکەوتوون و گوتەی خۆیان هەیە. بەکر عەلی بیرمەندی ناوداری کورد بە هەمان شێوە شیمانەی بۆ کۆتایی گلوبالیزەیشن کردووە و نووسیویەتی، هەموو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی و تەنانەت جەنگی سارد و یانزەی سێپتێمبەریش، هێندەی کۆرۆنا دەستکاری سیستەمی ئابوری و سیاسی و ئایدیۆلۆژی ناکات. 

گلوباڵیزەیشن نەوەک نەیتوانی بەرگەی ڤایرۆسێک بگرێ، دەرکەوت هۆکارێکی سەرەکیی بڵاوبوونەوەیشییەتی

بەکر عەلی زۆر بە ڕوونی ئەوە ناشارێتەوە کە "ئێمە چاوەڕێی سەردەمێکی نوێ دەکەین کە گلۆبالیزم و نیولیبرالیزم، جیهان وەک گەردوونێک کۆتایی پێ دەهێنێت و یەکە بچووک و لۆکالەکان دەگەڕێنەوە. ئێمە پێنج ساڵێک دەبێت گوێبیستی ئەو دەنگەین. سنووردارکردنی پێوەندییەکان و چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە ئەوروپا و دروستکردنی دیواری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک و دەرکەوتنی توندی فیگوری نادیموکراسییانەی وەک پوتین و ئەردۆگان، هەمووی سیمپتۆمەکانی جیهانێکی نوێن.

گلوباڵیزەیشن چییە؟
 گڵوبالیزم (جیهانگەرایی- عەولەمە) دەستەواژەیەکی سیاسی، ئابووری، تەکنۆلۆجی و کۆمەڵایەتییە، لەگەڵ درۆستبوون و پەرەسەندنی سەرمایەداریدا، ئەمیش پەرەی سەندووە و باس لە شیۆەکانی پەرەسەندنی سیستەمی سەرمایەداری دنیا دەکات کە لە رۆژئاوادا سەری ھەڵداوە و بەرەو رۆژھەڵات پەڕیوەتەوە و مەبەستی ئامانجی گەیاندنی کاڵای هەر شوێنێکە بۆ هەموو شوێنێکی گەردوون، ئەم مەبەستەیش تەنیا زلهێزەکان لێی سوودمەند بوون، چونکە هەر ئەوان دەتوانن بەرهەم و سیساسەت و ئایدیای خۆیان بە هەموو دنیا بگەیەنن.

گڵوبالیزم، دیاردەیەکی جیھانیی ھەمە لایەنەیە، تا ئەو کاتەی کە سنووردار ناکرێ و ھیچ دەوڵەت و سیستەمێک ناتوانێ بەری پێ بگرێت، جا ھەر چەندە پێشکەوتوو یان دواکەوتوو بێت. ئەم جیهانگەراییە، سیستەمێکی بەھێز و بە توانا و کاریگەر لە خۆماڵیکردنی ئابووری بازاڕ بە قازانج و بەرژەوەندیی سەرمایەداری جیھانی و ھۆی ھەرە سەرەکی لە دەست کۆمەڵێکی بچووکدا دەسووریتەوە، بەڵام بەهۆی دۆخە جیاوازەکانەوە، دەرکەوت بەرگەی تەنگژەکان ناگرێ.

سیستەمێکی ئامادەنەبوو بۆ تەنگژە
لە وتارێکی هاوبشەدا کە هێنری فاریل و ئەبراهام نیومان لە گۆڤاری "فۆرین ئەفیرز"ـی ئەمەریکی بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، تاقیکردنەوەیەکی ڕاستیی سیستەمی گلوباڵیزەیشنە کە وڵاتە زلهێزە ئابوورییەکان لەسەری دەڕۆن و هاوشێوەی بەکر عەلی نووسیویانە، گلوبالیزەیشن نەوەک نەیتوانی بەرەنگاری ڤایرۆسێک ببێتەوە، بەڵکوو ژینگەیەکی لەباری بۆ دروست کرد تا بە تەواوی بە جیهاندا تەشەنە بکات و ئەوەیشی ئاشکرا کرد، دەوڵەتەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان، هەرگیز ناتوانن بەرابنەر هەڕەشەیەکی بایلۆجی خۆیان ڕابگرن.

وەک نووسیویانە، تەنگژەکە لەوەدا نییە کە گلوباڵیزەیشن بەرانبەر ڤایرۆسێک شکستی هێنا، هێندەی ئەوەی بۆمان دەرکەوت چەندە فشۆڵە و ئەو تۆکمەیە نییە کە دەیان ساڵە کۆمپانیاکان بانگەشەی بۆ دەکەن و بووە هۆی دروستبوونی سەردەمێکی نوێ و پێمان وا بوو، ئەم سیستەمە بە پێچەوانەی پێش خۆی، بۆ هەموو ئاڵنگاری و دۆخێک خۆی دەگونجێنێ و لەبارە.

ئەوەی زیاتر گرفتی دروست کردووە، تا ئێستە هیچ جێگرەوەیەکی گلوباڵیزەیشن دەرنەکەوتووە تا لەسەر ئاستی دنیا تاقی بکرێتەوە گەرەنتیی ئەوەیش بدات کە ئەمیان بە پێچەوانەی پێش خۆی، دەتوانی بەرەنگاری هەموو جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەک ببێتەوە.

ئەوەی جیهانگەرایی پێی وا بوو پێمان دەبەخشێ

یەکەم: بە جیھانبوونی ئابووری، لە شیۆەی پەرەپێدانی تەکنەلۆجی سەردەمدا و بەرەوپێشەوەبردنی ئامیرەکانی بەرھەمھێنان تا لە کەمترین کات و ھەرزانترین تێچوون و باشترین جۆری بەرھەم و زۆرترین دەسکەوتدا خۆی دەبێنیتەوە. 

دووەم: گەشەکردنی بیرورا بەرەو و پێشەوەچوونی ئازادیی تاک لە دەربڕین و بۆچووندا، بە بێ ھیچ جۆرە کۆت و کۆنترۆڵ و رێگرییەک.

سێیەم: پێشخستنی بواری کۆمەڵایەتی و دەرهێنانی کۆمەڵگە لە سیستەمێکی باوکسالاریدا و دروستکردنی یەکسانیی جێندەری و مافی منداڵ و یەکسانیی ڕەنگ و نەتەوە.

چوارەم: گلۆبالیزم لە مەیدانی سیاسیدا کە ئەمیان ڕەنگە زۆرتر کاری خۆی کردبێ و هاوشێوەی ئابوورییەکە، بە تەواوی لە قازانجی زلهێزەکان شکابێتەوە. 

پێنجەم: لە ناو کۆمەڵگای مەدەنی و سیستەمی دێمۆکراتیدا، گلۆبالیزم بووە ھۆی تێکەڵبوون و بە کردەوە پێکەوەژیانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان.

شەشەم: لە بارەی بەرەوپیشچوونی راگەیاندنی دەنگ و رەنگ بە ھۆی پەیدابوونی ئێنتیرنێت، مۆبایل، سەتەلایت و فراوانبوونی مەودای کەناڵە ئاسمانیەکان و دروستبوونی ئازادییەکی نیمچە ڕەهای میدیایی لەسەر ئاستی هەموو دنیا.



وشە - كوردۆ شابان