پۆلیس وردەکاری مردنی سۆران سەقزی ئاشکرا دەکات

:: AM:11:29:09/05/2017 ‌

شەوی رابردوو هەواڵی مردنی سۆران شافعی ناسراو بە "سۆران سەقزی"، لە هەولێر بڵاو كرایەوە و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وردەكاریی رووداوەكە ئاشكرا دەكات.

سۆران سەقزی بەهۆی پێشكەشكردنی بەرنامەی "سەیر و سەفەر" لە یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكانی كوردستان، ناوبانگی پەیدا كردبوو و هەواڵی گیان لەدەستدانی بەخێرایی لەناو تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و میدیاكاندا بڵاو بووەوە.

عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت، رووداوەكە لەناو كافتریای زێوێ لە شاری هەولێر بووە كە سۆران خۆی خاوەنی كافتریاكەیە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، شەوی رابردوو لەناو ژوورەكەی خۆیدا لە شوێنی كارەكەی، فیشەكێك بەخۆیەوە دەنێت و كۆتا بەژیانی دەهێنێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەبارەی هۆكاری خۆكوشتنەكە ئاشكرای دەكات، سۆران سەقزی پارەیەكی‌ زۆر قەرزار بووە و ئەوەیش وای كردووە پاڵەپەستۆی دەروونی لەسەر دروست ببێت و بڕیاری كۆتاهێنان بە ژیانی بدات.

شایەتحاڵێك كە هاوڕیی نزیك سۆرانە بۆ "وشە" دووپاتی دەكاتەوە، سۆران لەناو ژوورە تایبەتەكەی خۆی لە كافیتریاكەیدا بە فیشەك كۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە و بەو رووداوەش هەموو هاوڕێ و كەسەكانی  تووشی شۆك بووین.

بەپێی بەدواداچوونی "وشە"، تەرمی سۆران سەقزی رەوانەی پزیشكی دادی هەولێر كراوە و بڕیارە بەم زووانە راپۆرتی كۆتا لەسەر چۆنیەتیی رووداوەكە بڵاو بكرێتەوە.







وشە - هیدایه‌ت جان