حزبی دیموكرات لەسەر مردنی سۆران سەقزی هاتە دەنگ

:: PM:04:40:09/05/2017 ‌


دوای ئەوەی شەوی رابردوو سۆران شافعی پێشكەشكاری تەلەڤزیۆن لەناو ریستۆرانتەكەی خۆیدا لە هەولێر، كۆتای بە ژیانی هێنا و حزبی دیموكراتی كوردستان روونكردنەوەی لەبارەوە دا و بەرپرسی پێوەندییەكانی هەولێری ئەو حزبەش دەڵێ، لەسەر داوای ئێمە پۆلیس بەدواداچوونی وردی بۆ رووداوەكە كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی ئایار/مایۆ، محەمەد ساڵح قادری ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەكانی حدكا لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، كاك سۆران ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووە و لە هەولێر كار و كاسبی خۆی كردووە و ریستۆرانتێكی داناوە، دۆینێ ئاگادار كراین كە بەهۆی رووداوی نەخوازراو گیانی لە دەست داوە، ئێمەیش داوامان لە پۆلیسی تاوانەكان كرد بەپێی پسپۆڕی خۆیان لە كامێراكانی چاودێری و مۆبایلەكەی و پزیشكی دادوەری لە رووداوەكە بكۆڵنەوە، بەداخەوە لە راپۆرتی پۆلیس دەركەوتووە كە خۆی كۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، راپۆرتەكە باس لەوە دەكات كە قەرزدار بووە، ئێمە پێشتر ئاگاداری ئەوە نەبووین كە كێشەیەكی تایبەتی هەبووبێت یان هەڕەشەیەكی لێ كرابێت، بۆیە داوامان كرد پۆلیس لێكۆڵینەوە بكات و ئێستە ئەو لێدوانەی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بۆ ئێمە جێگەی متمانەیە و ئێمە هیچ زیادەیەكی ترمان نییە بیخەینە سەری، تەنیا لەوە بەداخین كە ئەندامێكی حزبەكەمان بەو شێوەیە كۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێكانی و بەپەرۆشین.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی گوایە سۆران سەقزی بە دەستڕێژی فیشەك لە شوێنی كارەكەی كوژراوە، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی حدكا دووپاتی دەكاتەوە، قسە و لێدوانی نابەرپرسانە كە هەستی بنەماڵە و كەسوكاری پێ بریندار دەبێت، دوورە لە ئیتیكی كۆمەڵایەتی.

 



وشە - هیدایه‌ت جان