بۆچی نەوتی برێنت گرانترین جۆری نەوتە؟

:: AM:11:49:09/08/2017 ‌

نەوتی خاوی برێنت یان Brent Crude Oil یەكێك لە گرنگترین جۆرەكانی نەوتە لە بازارگانیكردنی نەوتی دنیا و نرخی لە سەرجەم جۆرەكانی تری نەوت بەرزترە. لە راستیدا برێنت ناوی كێڵگەیەكی نەوتە لە دەریای باكور كە كەوتووەتە نێو زەریای ئەتڵەسی.

ناوی نەوتی برێنت دواتر بۆ هەموو ئەو نەوتانە دانرا كە لە جۆری ئەو نەوتەن لە كێڵگەی برێنت دەردەهێنرێن. ئێستە نەوتی برێنت لە كێڵگەكانی Oseberg,Forties Blend, Brent و Ekofisk دەردەهێنرێت و لە رێی لوولەوە بۆ بەندەری سالوم كە بە گەورەترین بەندەری دەریای باكور لە بەریتانیا هەژمار دەكرێت، دەگوازرێتەوە و لەوێشەوە كەشتییەكان باری دەكەن و بۆ وڵاتانی جیاوازی دنیای دەگوازنەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی forecastcity ئەوەی هۆكاری سەرەكییە لەوەی نرخی نەوتێك لە یەكێكی تر گرانتر بێت، پێوەندیی بە كوالێتی نەوتەكە هەیە و كوالێتییەكەش بە نزمبوون یان بەرزبوونی رێژەی گۆگرد لە نەوتەكەدا گرێ دراوە. نەوتەكە تا رێژەی گۆگردی بەرزتر بێت، ئەوا قورسترە و تا بڕەكەی كەمتر بێت ئەوا كێشیشی سووكتر دەبێت. ئەگەر بڕی گۆگرد زیاتر بێت نرخەكەشی كەمتر دەبێت.

نەوتی برێنت بووەتە بنەمایەك بۆ دیاریكردنی نرخی جۆرەكانی تری نەوت لە دنیادا و لانی كەم دوو لەسەر سێی نەوتی دنیا بە پشتبەستن بە نرخی نەوتی برێنتەوە دیاری دەكرێت.

نەوتی برێنت باشترین جۆری نەوتە بۆ ئەوەی بەنزینی لێ بەرهەم بهێنیت، ئەو نەوتە 0.73%ی گۆگردە.

هێمای جۆرەكانی تری نەوت لە دنیادا بریتین لەwti  وێست تێكساس ئێنترمیدێت، West Texas Entermediate، ئۆپێك یان Opec Reference Basket، نەوتی دوبەی، Dubai crude و نەوتی عومان، Oman Crude  .

لە ئەوروپا نەوتی برێنت ئەو ناوانەشی پێ دەگوترێت london brent، brent، B و Brent Blend.

رێژەی گۆگردی نەوتی جۆری برێنت لە جۆری نەوتی wti زیاترە و بەو پێیە كوالێتی نەوتی تێكساس لە هی برێنت زیاترە.

پرسیار ئەوەیە لەبەرچی نرخی نەوتی برێنت لە سەرجەم جۆرەكانی تری نەوت بەرزترە. تا ساڵی ٢٠١٠ هەموو كات نرخی نەوتی برێنت لە خوارووی نرخی نەوتی wti بووە، هەڵبەت بە رێژەیەكی كەم و نرخی هەر دوو جۆر نەوتیش لە نەوتی ئۆپێك بەرزتر بووە. بەڵام لەو ساڵەوە نرخی نەوتی برێنت پێش هەموو جۆرەكانی نەوت كەوتووەتەوە و بەردەوام لە هەر بەرمیلێك چەند دۆلارێك لە نرخی نەوتی wti بەرزترە. ئێستە نەوتی برێنت بووەتە بنەمایەك بۆ دیاریكردنی نرخی نەوتەكانی تر و لە بازاڕیشدا رۆڵی سەرەكی دەبینێت، بۆیە بەهێزترین بازاڕی بەراورد بە نەوتەكانی تر هەیە.

بۆ نموونە بەگوێرەی دوایین نرخ لە dailyfx ئەمڕۆ چوارشەم هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە ٥٢ دۆلار و چوار سەنت دەفرۆشرێت، كەچی نەوتی جۆری wti كە كوالێتییەكەی باشترە بە ٤٩ دۆلار و ١٣ سەنت دەفرۆشرێت. نەوتی ئۆپێكیش ئەمڕۆ بە ٥٠ دۆلار دەفرۆشرێت كە كوالێتییەكەی لە wti خراپترە، كەچی خستنەڕوو و داخوازی بازاڕ وای كردووە نرخەكەی هەندێك جار لە نەوتی ئەمەریكی زیاتر بێت.

هەر گرێبەستێك بۆ كڕین و فرۆشتنی نەوتی برێنت واژوو بكرێت، دەبێت هەزار بەرمیل بێت و لەسەر بنەمای دۆلاری ئەمەریكیش نرخەكە دیاری دەكرێت.

پێش ٢٠٠٥ تەنیا بازرگانان و كۆمپانیاكان دەیانتوانی نەوت بكڕن، بەڵام كاتێك لەو ساڵەدا دەرفەتی ئەوە رەخسا لە رێی ئینتەرنێتەوە كڕین و فرۆشتن بە نەوتی برێنت بكرێت، خەڵكی ئاساییش بۆ ئەوەی سوودێكیان دەست بكەوێت، بە شێوەی ئۆنلاین نەوت دەكڕن و دەفرۆشنەوە.

وای لێ هاتووە پێشبینییە تەكنیكاڵییەكانی جووڵەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی وەك فۆڕێكس كە قەبارەی بازرگانیی رۆژانە تێیاندا زۆر بەرزە، كاریگەریی زیاتری لە رووداوەكانی تر هەیە.

نەوتی ئۆپێك ئەو نەوتەیە كە كورتكراوەی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەی نەوتە. هەریەك لە وڵاتانی جەزایر، ئێران، عێراق، كوێت، لیبیا، نایجیریا، قەتەڕ، سعوودیە، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، ئێكوادۆر، ئانگۆلا و ڤەنزوێلا لە ساڵی ١٩٦٠ رێكخراوەكەیان لە جنێڤ دامەزراند و دواتر لە ساڵی ١٩٦٥  بارەگاكەیان بۆ نەمسا گواستەوە. ئەو وڵاتانە تا دەیەی پێشووش زۆرترین كاریگەرییان لەسەر بازاڕی نەوتی دنیا هەبوو و رۆڵیان دەبینی لە دیاریكردنی نرخی نەوت، بەڵام لەوكاتەوە لە ئەمەریكا نەوتی لیتەیی پەیدا بووە، رۆڵی ئەو رێكخراوەش لە دەستنیشانكردنی نرخی نەوت لە دنیادا دابەزیوە.

نەوت ئەو بەرهەمە گرنگەیە كە بە شێوەیەكی سروشتی لە نێو دڵی زەوی دەردەهێنرێت و هۆكارێكی زۆر گرینگە لە جووڵەپێكردنی چەرخی پیشەسازیی دنیا، بەشێكی زۆری وزەی پێویستی دنیا لە رێگەی نەوتەوە دابین دەكرێت و هاوكات زۆرێك لە بەرهەمەكانیش دروستكراوی نەوتن كە لە هەموو ماڵێك بەرچاو دەكەون.





وشە - سلێمان تاشان