شارپرێس و لڤین هەواڵی رۆژنامەیەك بڵاو دەكەنەوە كە بوونی نییە

:: AM:11:50:07/12/2016 ‌

دوێنێ سێشەم ماڵپەڕی "سەدیم"ی سەربە شیعەكانی عێراق و نزیك لە ئێران، هەواڵێكی بەناوی رۆژنامەیەكی بەلجیكی بڵاوكردووەتەوە كە "باس لە سەرمایەی بنەماڵەی بارزانی" دەكات. ماڵپەڕی شارپرێس و پێگەی لڤین پرێس هەواڵەكەیان وەرگێڕاوە و بڵاویان كردووەتەوە، بەڵام "وشە" لە بەدواداچوونێكدا بۆی دەركەوت هەموو بنەماكانی هەواڵەكە دروست كراوە و هیچ رۆژنامەیەك لە بەلجیكا بەو ناوە نییە كە سەدیم كردوویەتی بە سەرچاوەی خۆی.

ماڵپەڕی سەدیم لە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكەدا ئاماژەی بە ناوی رۆژنامەیەكی بەلجیكی كردووە بە ناوی "Brussels-Bruxelles"، و بەناوی ئەو رۆژنامە دروستكراوەوە ئاماژەی بە بڕە پاریەكی خەیاڵی كردووە كە سەرمایەی بنەماڵەی بارزانییە. بەڵام دوای بەدواداچوونێكی ورد دەركەت كە هیچ رۆژنامەیەك لە بەلجیكا بەو ناوەوە نییە و تەنیا ڕۆژنامەی "Brussels Times" هەیە، ئەویش بەهیچ شێوەیەك لە ئەرشیڤی پێشووی رۆژنامەكە و دوێنێشدا هیچ زانیارییەكی لەو شێوەیەی بڵاو نەكردووەتەوە.

"وشە" لە بەدواداچوونێكەیدا پرسیاری لە چەندان كەسی نیشتەجێی بەلجیكا كرد لەبارەی بوونی ئەو ڕۆژنامەیە و بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانە، بەڵام سەرجەمیان رەتیان كردەوە "هیچ ڕۆژنامەیەكی لەوشێوەیە بوونی هەبێ" تەنیا رۆژنامەی "برۆكسل تایمز" هەیە.

لە ئەنجامی گەڕانی "وشە" بە نێو ئەرشیڤی بابەتەكانی ئێستە و پێشووی رۆژنامەی "برۆكسل تایمز" هیچ بابەتێكی لەو شێوەیە نەدۆزرایەوە. ئەو هەواڵەی ماڵپەڕی سەدیم /نزیك لە ئێران و سەربە شیعەكان/ هەڵبەستراو و پڕوپاگەندە و دروست كراوە.

لای خۆیانەوە هەردوو ماڵپەڕی "شارپرێس و لڤین پرێس" ئەو زانیارییانەیان بڵاوكردووەتەوە لەو ماڵپەڕەی شیعەكانەوە بێ ئەوەی دڵنیابن لە باوەڕپێكراوی ماڵپەڕە مەزەبییەكە و بوونی رۆژنامەیەك لە بەلجیكا بەو ناوە. جیالەوەیش وردبوونەوە لە ژمارەكە بەس بوو بۆ ئەوەی تێبگەی دەیان سەرمایەداری لیستی یەكەمەكانی دنیاش ئەو بڕە پارەیان نییە. بەڵام دوو ماڵپەڕە كوردییەكە هەرچی دژی بارزانی بێت بۆ سەرچاوەكەی ناگەڕێنەوە و بڵاوی دەكەنەوە.

چاودێرێكی سیاسیی لە سلێمانی كە بەهۆی پێوەندی نزیكی لەو دەزگایانە داوای كرد ناوی بڵاو نەكرێتەوە، بە "وشە"ی راگەیاند "ماڵپەڕی شار و لڤین لە كاتێكدا ناوی خۆیان ناوە میدیای ئەهلی و باس لە فرەوانبوونی مەودای ئازادییەكان دەكەن، بیر لەوە ناكەنەوە كە بوونەتە سەكۆی دوژمنان و بڵابوونەوەی بیری دووبەرەكی و چوونە ژێر خزمەتی دوژمنانی كوردستان كە ئامانجیانە ڕق و توڕەیی زیاتر لە نێو لایەنەكان و دژ بە سەركردەكانی كورد دروست بكەن".

بەگوێرەی بنەما و چوارچێوە جیهانییەكانی میدیای هاوچەرخ، بڵاوكردنەوەی ئەو زانیاریی و هەواڵە بێ بنەمایانە كاری "میدیای زەردە" كە لە زانست و پیشەی ڕاگەیاندندا ئەو جۆرە میدیایە بە میدیای درۆ و هەڵخەڵەتاندن ناو دەبرێن و بابەتەكانیان بەهیچ شێوەیەك جێی باوەڕ و بایەخ نییە.

"نەبوونی هیچ بنەما و پێوەرێك و پابەندنەبوون بە تیۆری ڕاگەیاندنی "پاسەوانی دەرگا" كە لە میدیای جیهانیدا زۆر گرنگی پێ دەدرێ، تێپەڕینی زانیاری و دەنگۆ بەبێ هیچ بیر لێكردنەوەیەك، نیشانەی نەبوونی هۆشیارییە لای ئەو دوو ماڵپەڕە، یان بە ئەنقەست و بە مەبەست دەیانەوێ ئەو ئامانجەی شیعە و دوژمنانی كورد دەیانەوێ بڵاوی بكەنەوە و بە كوردی بگەیەنن، لۆژێك و ژیری لەو كارەدا نییە، كە تۆ بچیتە ژێر باری زانیارییەك كە لە رۆژنامەیەك وەرگیراوە و رۆژنامەكە هیچ بوونێكی نەبێت" چاودێرەكە وای گوت.

شارپرێس سەربە بەرهەم ساڵح سەركردە لە ناوەندی بڕیاری یەكێتییە و بارەگای سەرەكی لە سلێمانییە. لڤین پرێس هەموو زانیارییەك دژی كوردستان بڵاو دەكاتەوە و سپۆنسەرەكانی گوماناوین و بارەگای سەرەكی لە سلێمانییە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د