ئەوەی ئەحمەد ئەلشەرع بە تەمایە بیکات، "شەڕی خۆتڕێن”ی پێ دەڵێین ئێمە، بێگومان کەسیش بەم خۆتڕێنییەی ئەو خەمبار نابێت،
ئەگەر ئەمەریکا و ئیسڕائیل دەیانویست میلیشیای حەشدی شەعبی لە ناو بچوێنن، بۆچی خۆیان لە شەڕە 12 رۆژییەکەدا زەبریان تێ نەسرەواند؟
ئەگەر سعوودیەیە ئەم گۆنگەرە دەگێڕێ، سعوودیە خۆی ماڵی لە شووشەیە و رۆژێک هەر دێت دیواری ئەو ماڵە درز ببات.
بردنی ناوچە بەرەو شەڕی مەزەوی، خۆ لە مەترسیدانێکی گەورەیە و مەگەر کەرێکی وەک شەرع بچێتە ژێر باری ئەم خۆ هەڵدێران و مەترسییەوە،
هەرچی ئەمەریکا و ئیسڕائیلە، ئەوان پشتشکاوی کەس نیین، هەر کیهای بیدۆڕێنێ، بۆ ئەوان یەکە. لە گوندەکەی ئێمە چیڕۆکێک هەبوو دەیانگێڕایەوە، کابرایەکی عەرەب وشترێکی پێ بوو بە بارێک جۆوە، دەیویست لە زێ بدات بەڵام دەترسا، کابرایەکی کوردیش لەو ناوە هانی دەدا دەیوت: هیچ نییە لێی دە دەپەڕیتەوە.
دەڵێن کابرای عەرەب وتوویە: نە بەعیر مالێ توو نە شەعیر مالێ توو، چ دەچی لە چیرێ توو؟
هیچ لە ئەمەریکا و ئیسڕائیل ناچێت هەردوو تایەفەی شیعە و سوننە بە پارەی سعوودیە بکەونە کوشتار و بڕینەوەی یەکتر، بەڵام کورد لەو نێوانەدا نە شیعەیە و نە سونە، تەنیا کوردە و ئارمانجی سیاسیی خۆی هەیە و هەوڵ دەدات بگات بە ژیانی دێمۆکراسی و پێشکەوتووانە،
راستییشت دەوێ؟ کورد بە درێژایی مێژوو لە عێراق زیاتر لە تایفەی شیعە نێزیک بوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران نەهاتایە و پلووکەی نەخستایە ئەم نێوانەوە، ئێمە هەر برا دەماینەوە.
جاری پێشوویش، لە ٢٠٠٦ و دواوە، کوردستان لایەن نەبوو لە کێشە و کوشتاری نێوان ئەم دوو مەزەوەدا لە عێراق، بەسەرهاتێک هەبوو جاران دەیانگێڕایەوە، دەیانوت لە گوندێکی ئەم هەولێرە، کە دەبوو بە مشتومڕی نێوان پارتی و جەلالی، ئەو پیاوە قسەی نەدەکرد، دەیانوت تۆ بۆ قسەیەک ناکەیت؟ دەیوت "کاکە من شیوعیم و هەقم لە سەر هیچ نییە”، کوردیش ئاوهایە، نابێت لەو نێوانەدا قسەی هەبێت، بڕۆن بۆ خۆتان یەکتر ببڕنەوە و توخنی ئێمە نەکەون.
ئێمە کوردین، تا ئێستە لە هەزار ئاومان داوە و قولمان تەڕ نەبووە، هەل بۆ ئێمە هەر دێتەوە پێش، سندانیش لەو دەسکەوتەی لە سایەی ئەمەریکا و ئیسڕائیلەوە بۆ کورد دێت.