"دۆخی هەرێم زۆر باشە و نەگەیشتووەتە رادەی چەقبەستوویی"

:: PM:08:53:30/06/2020 ‌
 
پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان باس لەوە دەكەن، ئەو دۆخەی كە هەیە تێدەپەڕێت و كاری پێكەوەیی باش دەكرێت، دەشڵێن دۆخی هەرێم نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەی بە چەقبەستوویی ناو ببرێت.
خراپتربوونی دۆخەكە كاریگەری لەسەر هاووڵاتییان و كوردستان هەیە
ئەمڕۆ سێشەم 30ی حوزەیران، دیاری حوسێن، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك و گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، دۆخی هەرێم زۆر باشە و نەگەیشتووتە ئەو رادەی كە بە چەقبەستوویی ناو ببڕێت.

زیاتر گوتی، پێشتر دۆخەكە زۆر لەوە خراپتر بووە و باش بووە، ئێستەیش لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو وردە كێشانە چارەسەر دەبن، چەقبەستوو ئەوەیە بەتەواوی هەموو لە ماڵی خۆی بێ، ئەو جموجۆڵەی لایەنەكان، كاریگەری زۆر باشی هەیە لەسەر چاكبوونی دۆخەكە، بۆیە دۆخی هەرێمی كوردستان باش دەبێت و دەگەڕێتەوە شێوەی ئاسایی خۆی، دۆخەكە بەگشتی لە باشبووندایە.

لای خۆیەوە شەماڵ عەبدول وەفا، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی دەستمان پێ كردووە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆ دەبینەوە، ئامانجمان نزیكبوونەوەی هەموو لایەنەكان و چارەسەركردنی كێشەكانە.

ئاماژەی كرد، تەنیا دەمانەوێ لایەنەكان لەو دۆخەی ئێستە لێكنزیكبوونەوەیان هەبێت و كاری پێكەوەیی بكەین و بە وردیش باسی پرۆسەی چاكسازی كراوە بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەی ئێستە.

 ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان نەیویست ناوی بهێنرێت بە "وشە"ی راگەیاند، رای یەكێتی بەو شێوەیەیە كە دۆخی هەرێمی كوردستان لەوەی ئێستە هەیە باش ببێت و هیچكات دۆخی خراپ روونەدات.

زیاتر گوتی، هەموومان لەو هەرێمە دەژین و كار دەكەین، هەر خراپبوونێك كاریگەری لەسەر هاووڵاتییان و حزبەكان و تەنانەت كوردستانیش دەكات، بۆیە یەكێتی لەگەڵ دۆخی خراپدا نییە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل