دەست بەسەر كەشتییەكی پڕ لە چەكی ئێرانیدا گیرا

:: AM:10:00:09/07/2020 ‌
سەرەڕای ئەوەی كە چوار مانگ ماوە سزا نێودەوڵەتییەكانی بواری چەك لەسەر ئێران كۆتایی بێت، ئەم وڵاتە لە گواستنەوەی چەك بۆ وڵاتانی تر بەردەوامە و لە نوێترین حاڵەتدا كەشتییەكی چەك دەستی بەسەردا گیرا كە بەرەو یەمەن دەڕۆیشت.

مایك پۆمیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا باسی لەوە كردووە، هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی دەستیان بەسەر كەشتییەكی ئێرانیدا گرتووە كە چەكی پێ بووە و دەیانویست رادەستی حووسییەكانی یەمەنی بكەن. ئەمەریكا ئاشكرای نەكردووە ئەم هەڵمەتەی بە یارمەتی چ وڵاتێكی هاوپەیمان ئەنجام داوە.

ئەو پێداگری كردووە لەوەی ئێران سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەكانی بواری چەكی پێشێل كردووە و شایانی ئەوەیە سزاكان لەسەری درێژ بكرێنەوە.

بە بۆچوونی پۆمپیۆ، هیچ مرۆڤێكی ژیر باوەڕی بەوە نییە ئێران لەو چەكانەی لە داهاتوودا دەیانكڕێت بۆ مەبەستی ئاشتیخوازی سوودیان لێ وەربگرێت.

پێویستە بگوترێ لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ كۆتایی بە بڕیاری قەدەغەكردنی كڕینی چەك دەهێنرێ كە بەسەر ئێراندا سەپاوە و هەموو هەوڵێكی ئەمەریكا ئەوەیە سزاكە درێژ بكاتەوە.
رووسیا و چین كە مافی ڤێتۆیان هەیە، هەڵوێستی پێچەوانەیان هەبووە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، هەریەك لە رووسیا و چین كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشن و مافی ڤێتۆیان هەیە، هەڵوێستی پێچەوانەیان هەبووە.

ماوەی رابردوو ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، ئەوەی پشتڕاست كردەوە ئەو چەكانەی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵ  دەستیان بەسەردا گیرابوو لە ئێرانەوە هاتبوون، بەڵام ئێران رەتی كردەوە.


وشە - سلێمان تاشان