چەند ساڵێكی ماوە.. عێراق چی بەسەر دێت؟

:: PM:07:13:21/04/2024 ‌

سەرەڕای بوونی سەتان شارەزا و پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاكان و دەیان وریاكردنەوە و توێژینەوەی مەترسیدار سەبارەت بە داهاتووی ئەو وڵاتە، بەڵام كەس گوێیان بۆ ناگرێت، بەرپرسانی عێراق تەنیا خەریكی كاری خۆیانن، بێ گوێدانە ئەوەی ئەوان دەوڵەتێك و گەلێك بەڕێوە دەبەن و دەبێت پلانی كورتمەودا و درێژخایەنی ستراتیجیان هەبێت، شارەزایەك وریایی لە داهاتوویەكی تاریك بۆ عێراق دەدات.

سەڵاح مووسەوی، شارەزای بواری نەوت دەڵێت، چەند راستییەك هەن كە بە توێژینەوە و راپۆرتە دنیاییەكانی پێوەندیدار بە وزەوە پاڵپشتی كراون، پێشبینی گرنگ و مەترسیدار سەبارەت بە عێراق و دوارۆژەكەی دەكەن، ئەوەش لە سایەی پشتبەستنی بودجەی ئەو وڵاتە بە رێژەی 94% بە داهاتی فرۆشتنی نەوت، سەرەڕای ئەو هەڵبەز و دابەزینەی لە نرخی نەوت لە ساڵانی رابردوو هەبووە.   

روونی كردەوە، ئەو گۆڕانە خێرایەی لە دنیا بە ئاراستەی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی بەنزین و گاز هەیە، وا دەكات خواست لەسەر نەوتی خاو بە قەبارەی 14 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو كەم بێتەوە، ئەوە لە كۆی بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئێستە كە دەگاتە 91 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

دووپاتی كردەوە، ئەگەر هاتوو زیادە لە خستنە رووی نەوت تا ئاستی دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دروست بێت، نرخی نەوت دێتە خوار 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، جا ئەگەر كەمبوونەوەی خواست بگاتە 14 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، واتە نرخی نەوت دەگاتە خوار 30 دۆلار، بەوەش لە نرخی بەرهەمهێنان نزیك دەبێتەوە كە لە نێوان 15 بۆ 35 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك.

مووسەوی ئاماژە دەكات، هەروەها چوون بەرەو پشتبەستن بە وزەی خۆر لە زۆرینەی وڵاتان، وا دەكات نرخی نەوت و داهاتەكەی بەهۆی كەمبوونەوەی خواست دابەزێت، بۆیە دۆخی عێراق زۆر سەخت دەبێت، لە رووی پابەندبوون بە خەرجكردنی مووچە و خەرجییەكانی تر و دۆخەكە ئاڵۆز دەبێت.

ئەو شارەزایە دەڵێت زۆرینەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دركیان بەو راستییە كردووە و ئابووریی خۆیان جۆراوجۆر كردووە، تا دێت پشتبەستینان تەنیا بە داهاتی فرۆشتنی نەوت كەم دەكەنەوە، لەوانە ئێران كە تەنیا 35%ی بودجەكەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە ساڵانێكی كەم لەبەردم عێراق هەیە بۆ جۆراوجۆركردنی ئابوورییەكەی و وەبەرهێنان لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ، بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و خۆپاراستن لەو قۆناغەی كە مەترسییەكەی لە ساڵانی رابردوو زیاترە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل