خشتەی دابەشكردنی مووچەی سبەی بخوێنەوە

:: AM:10:39:11/07/2020 ‌
بڕیارە سبەی مووچەی كۆمەڵێك وەزارەت و شوێن دابەش بكرێت و ئەم هەفتەیە كۆتایی بە دابەشكردنی مووچە دێت.

ئەمڕۆ شەموو 11ـی تەمووز، بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردووەتەوە، ڕۆژی یەكشەم 12ی تەمووز، مووچەی مانگی شوباتی وەزارەتەكانی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەنجوومەنی دادوەری و وەزارەتی داد و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و پلاندانان و پیشەسازی و بازرگانی و گواستنەوە و گەیاندن و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەكرێت.

گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامی هەیە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن
لە خشتەكەدا ڕوون كراوەتەوە، لە ڕۆژی یەكشەم مووچەی دەستەكانی دیوانی چاودێری دارایی و مافی مرۆڤ و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم و دەستەكانی ژینگە و وەبەرهێنان و دەستپاكی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دەزگای مین دابەش دەكرێت.

دابەشكردنی ئەو مووچەیە لە كاتێكدایە ئێستە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامی هەیە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

لە سەرەتای ساڵی 2020 بە بڕیارێكی نایاسایی حكوومەتی عێراق هەموو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت، ئەمەیش وایكرد كێشەی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان دروست ببێت و دابەزینی نرخی نەوتیش كێشەكە داراییەكانی قووڵتر كردەوە.



وشە - رامیار جەواد