بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەت وێستگەی كارەبای خەبات دەكەوێتە كار

:: AM:09:33:14/07/2020 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ وێستگەی كارەبای خەبات بكەوێتە كار كە یەكێكە لە وێستگە گرنگەكان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، بەمەیش ڕێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی تەمووز، بڕیارە بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێستگەی كارەبای هەڵمی خەبات بكەوێتە كار .

لە ساڵی 2013ـەوە وەستابوو، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت لە ماوەی یەك ساڵدا كارەكانی تەواو بكرێت
ئەو كێشە تەكنیكییانەی ماوەی چەندان ساڵ بوو لە چەند وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبادا هەبوو، سەرۆكی حكومەتی هەرێم توانی لە رێی دابینكردنی بودجەیەكی تایبەتەوە بەشێكی زۆریان چارەسەر بكات، لە ماوەی ساڵێكی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا بەكاریان بخەنەوە و بڕی كارەبای بەرهەمهاتوویان زیاد كردەوە.

وێستگەی كارەبای خەبات لە ساڵی 2013دا دەست كرا بە دروستكردنی، بەڵام ئەو پڕۆژەیە بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانەكانی تر لە ساڵی 2013ـەوە وەستابوو، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت لە ماوەی یەك ساڵدا كارەكانی تەواو كرا.

ئێستە چەندان وێستگەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان ئامادەن كە بەبێ هیچ سووتەمەنییەك كار بكەن، بەشێكیان بە هەڵم و هەندێكیان بە ئاو و ئەوانی تریشیان لە رێی وزەی تیشكی خۆرەوە كار دەكەن، لە رێی چەند گرێبەستێكەوە لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیا دەخرێنە كار، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگرتنی گەشتەكان لە فڕۆكەخانەكان، سوودوەرگرتن لە بەشێك لەو وێستگانە دواكەوتووە.



وشە - رامیار جەواد