سه‌رچاوه دیپلۆماسییه‌كان له عێراقه‌وه ئاشكرایان كرد، كه بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بگاته به‌غدای پایته‌خت و له‌گه‌ڵ سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عێراق كۆ ببێته‌وه و دووباره چاوخشاندنه‌وه به پێوه‌ندییه‌كانی تاران و به‌غدا ده‌كرێ، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێی عێراق، ئه‌مه‌یش به یه‌كه‌م سه‌ردانی باڵای دیپلۆماسی ئێران داده‌نرێ بۆ عێراق له دوای متمانه‌وه‌رگرتنی حكوومه‌تی نوێ به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای دیپلۆماسی له عێراق به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید"یان ڕاگه‌یاند، كه بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف به سه‌ردانێكی فه‌رمی بگاته به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌ت و سه‌ركۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆ ده‌بێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دیداری له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق د.فوئاد حوسێن ده‌بێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌گه‌ڵ به‌شێك له سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق به گشتی و شیعه‌كان به تایبه‌تی كۆ ببێته‌وه.
له‌باره‌ی هۆكاری سه‌ردانه‌كه ئه‌و سه‌رچاوانه بۆ ڕۆژنامه‌كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه هۆی سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه بۆ تاوتوێكردن و باسكردنی چه‌ندان دۆسیه‌ی گرنگی نێوان هه‌ردوو وڵاته، به تایبه‌ت له بواره‌كانی ئابووری و بازرگانی و كردنه‌وه سنوور به ڕووی كاڵای ئێرانی و دۆسیه‌ی ئاو و وزه و سووته‌مه‌نی و هاریكاری ته‌ندروستی نێوان هه‌ردوولا بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دۆسیه سیاسییه هاوبه‌شه‌كان له‌سه‌ر ئاستی نێوان هه‌ردوو وڵات به تایبه‌تی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی ده‌خرێنه به‌رباس و گفتوگۆ.
تاران ده‌یه‌وێ كازمی نێوه‌ندگیریان بۆ بكات له‌گه‌ڵ سعوودیه
به گوێره‌ی زانیاری تاران به‌م هه‌نگاوه ده‌یه‌وێ كازمی كه‌مێك به‌لای خۆیه‌وه ڕابكێشێت، چونكه ئه‌وه‌ی تا ئێسته هه‌ستی پێ ده‌كرێت، كازمی زیاتر و زیاتر له سعوودیه نزیك ده‌بێته‌وه، چونكه پێشتر سه‌رۆكی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری عێراق بووه و پێوه‌ندییه‌كی تۆكمه و به‌هێزی له‌گه‌ڵ سعوودیییه‌كان هه‌یه.
هه‌رچه‌نده ڕۆژنامه‌كه بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی هاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ به‌غدا، پێوه‌ندی به باڵوێزخانه‌ی ئێران له به‌غدا كردووه، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده نه‌بوون هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه ئاشكرا بكه‌ن و هیچ لێدوانێكیان له‌باره‌وه نه‌داوه، به‌ڵام جیا له‌و سه‌رچاوه دیپلۆماسییانه، سه‌رچاوه‌كان له لیژنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش بۆ ڕۆژنامه‌كه دووپاتیان له هاتنی زه‌ریف بۆ به‌غدا له هه‌فته‌ی داهاتوو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌یان داوه، كه ئێسته وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق خه‌ریكی ئاماده‌كارییه بۆ ڕێكخستنی به‌رنامه‌ی شانده‌كه دوای گه‌یشتنیان بۆ عێراق، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو بێت.
موختار موسه‌وی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌وباره‌وه گوتی، ئێرانییه‌كان به‌هۆی پێوه‌ندییه باشه‌كانی كازمی له‌گه‌ڵ سعوودیه، پێویستیان به كازمی هه‌یه، چونكه ده‌یانه‌وێ له‌و دۆخه سه‌خته دارایی و ئابوورییه‌ی تێیدان، پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ڕیاز به‌ره‌و ئاسایبوونه‌وه ببه‌ن و چه‌ندان جاریش تاران به فه‌رمی خواستی خۆی ده‌ربڕیوه بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ڕیاز و نه‌هێشتنی گرژی و كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.
زیاتر گوتی، ئێران به ته‌واوی له‌وه گه‌یشتووه كه هه‌ر هه‌ولێك بۆ نزیكبوونه‌وه له سعوودیه بێ عێراق سه‌ركه‌وتوو نابێت، به‌ڵام ئه‌وه‌یش ڕوون نییه كه كازمی به‌ده‌م ئه‌و داوایانه‌ی تارانه‌وه دێت، یان ڕه‌تی ده‌كاته‌وه، چونكه هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری هه‌یه و ده‌گوترێ، كازمی و حكوومه‌تی ئێسته‌ی عێراق، به حكوومه‌تێكی لاگیر و لایه‌نگری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌ژمار ده‌كرێن.
كازمی مه‌رجی ئه‌وه‌یه كه میلیشیاكان كۆنتڕۆڵ بكات و ئێران ده‌ستیان لێ به‌ربدات
چاودێران له‌وباره‌وه دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه هاتنی ئه‌و شانده‌ی ئێران بۆ به‌غدا، ئاماژه‌یه‌كی گرنگ و فه‌رمییه كه ئێران ده‌یه‌وێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێی عێراق بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به حكوومه‌تێكی نزیك له ئه‌مه‌ریكا هه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه پێویستی به‌وه‌یه كه پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق به هه‌ر نرخێك بێ به به‌هێزی بهێڵێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كجار زۆری له عێراق هه‌یه، كه زۆر له‌وه گه‌وره‌ترین تاران بابه‌ته‌كه ورد بكاته‌وه، به‌وه‌ی نه‌یه‌وێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كه بكات، هه‌رچه‌نده تا ئێسته خۆی گرتووه و پێشوازی له حكوومه‌ته‌كه نه‌كردووه، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێ، ئه‌م ساردییه‌ی نێوان كازمی و تاران كۆتایی پێ بێت.
محه‌مه‌د ته‌میمی پسپۆر له كاروباری عێراق به ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه، كه یه‌كه‌م دیداری كازمی له‌گه‌ڵ ئێران، پڕ دۆسیه‌ی گرنگ ده‌بێ و گه‌رموگوڕ ده‌بێت، به تایبه‌ت دۆسیه‌ی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له عێراق، له‌لایه‌ن كازمییه‌وه به كاری یه‌كه‌م و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی داده‌نرێ كه له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر بكات، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ به‌هۆی فشاره زۆره‌كانی كازمی بۆ سه‌ر میلیشیاكان، تاران ده‌سبه‌رداری هێشتنه‌وه‌ی میلیشیاكان بێ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یش دا، گره‌نتی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانی له به‌غدا ده‌وێت.