تەقینەوەكەی بابل دۆخەكە بەرەو كوێ دەبات؟

:: PM:08:46:20/04/2024 ‌

درەنگانێكی ئەمشەو تەقینەوەیەكی گەورە لە بنكەیەكی سەربازی لە پارێزگای بابل لە باشووری بەغدا رووی دا و ژمارەیەك ئەندامی حەشدی شەعبی كوژران و بریندار بوون، ئێستە لێكۆڵینەوە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە رووداوەكە دەكرێت، هێرشەكە هاوكاتە لەگەڵ گەڕانەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە واشنتن، ئەو سەردانەی میلیشیاكان وەك رووكەش لێی رازی نین، چونكە باسی چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكای لە عێراق نەكردووە.

یاسین عەزیز، سیاسەتوانی كورد پێی وایە كە رەنگە تەقینەوەكەی بابل هەوڵێك بێت بۆ شێواندن و تێكدانی سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن، بەتایبەتی كاتێك بەیاننامەی حكوومەت باسی بوونی هێرشێكی ئاسمانی نەكردووە و هەریەك لە ئەمەریكا و ئیسرائیل رەتیان كردەوە پێوەندییان بە رووداوەكەوە هەبێت. ئەو سیاسەتوانە دووپاتی كردەوە كە هەموو ئاماژەكەن بەو ئاراستەیەن كە تەقینەوەكە هەوڵێكە بۆ تێكدانی ئەنجامی سەردانەكەی سوودانی بۆ ئەمەریكا.

روونی كردەوە، گرووپەكانی حەشدی شەعبی و ئەوانەی خۆیان وەك بەرگریكار دەناسێنن لە سەردانەكەی سوودانی بۆ ئەمەركیا رازی نەبوون، چونكە دوور و نزیك باسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی لە عێراق نەكردووە، جیا لەوەی هەندێكیان بواریان بۆی دیاری كردبوو بەوەی دەبێت لە سەردانەكە باسی كشانەوەی هێزەكان بكرێت و خشتەیەكی كاتی بۆ ئەو كشانەوەیە دابنرێت، بۆیە ئەگەر نەهاتە سەرلماندن كە تەقینەوەكەی بابل هێرش بووە، رازینەبوونی میلیشیاكان بە سەردانەكە نزیكترین سیناریۆیە بۆ تەقینەوەكە.

موجاهید سمێدعی، شارەزای تەناهی پێی وایە كە زۆرینەی هێرشە نەزانراوەكان ئیسرائیلین، بۆیە ئیسرائیل هێرشەكەی بابلی ئەنجام داوە، چونكە بەشێك لەو مووشەكانەی هەفتەی رابردوو كە بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدران، لە عێراقەوە بووە، بۆیە ئیسرائیل ئەو ناوچانەی بۆردمان كردووە كە مووشەكەكانی لێ هەڵدراون.

لای خۆیەوە لیقا مەكی، توێژەر دەڵێت، ئەگەری زۆر هەیە ئیسرائیل هێرشەكەی بابلی ئەنجام داوە، مەبەستیشی بەردەوامییە لە وەڵامدانەوەی ئێران و باڵەكانی لە ناوچەكە و تۆڵەكردنەوەی لە هێرشەكەی سەری، بۆیە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل درێژخایەن دەبێت و عێراق و سووریا و لبنان و یەمەنیش دەگرێتەوە، تا ئەو كاتەش بەردەوام دەبێت كە توانای بەرپەرچدانەوەی بۆ دەگەڕێتەوە، كە لە دوای هێرشەكەی حەماس لەدەستی دا.

پێوەست بەو بابەتە رەمەزان بەدران، توێژەری ستراتیجی پێی وایە كە تەقینەوەكەی بابل هێرشێكی ئیسرائیلی بوو بۆ راكێشانی ئێران و میلیشیاكانی بۆ وەڵامدانەوەی و سوودبینین لە بەڵێنەكانی وڵاتان بۆ پاراستنی لە هەر هێرشێك، هەرچی میلیشیاكانە كە ئەمەریكا بە هێرشەكە تۆمەتبار دەكەن، بۆ نەهێشتنی گلەیی خەڵكە بەوەی بەهۆی ئێرانەوە عێراقیان تووشی كێشە كردووە و ئەمەریكا بۆیە ئەوانی كردووەتە ئامانج چونكە داوای دەكردنی لە عێراق دەكەن.    

روونی كردەوە، ئیسرائیل بە هاوشێوەی هێرشەكەی ئەسفەهان بەرپرسیارەتی لە هێرشەكەی بابل راناگەیەنێت، چونكە ستراتیجیەتی ئیسرائیل وایە، واتە هەڵگیرسانی شەڕی تر لەپاڵ شەڕی غەزە بۆ لاوازكردن و نەهێشتنی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكە، بەتایبەتی لە وڵاتانی عێراق و سووریا و لبنان و یەمەن، بۆیەش هێرشەكە بە مووشەك ئەنجام دراوە.

ئەو توێژەرە ئاماژە دەكات كە ئیسرائیل دەستی بە هێرشەكانی كردووە و كۆتایی پێ ناهێنێت، هەوڵی دەمارگرتنی ئێران و میلیشیاكانی دەدات، هەر كاتێكیش بیانەوێ وەڵامی بدەنەوە، ئیسرائیل ئەوە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و پاراستنی نێودەوڵەتی بەكار دێنێت، بەو شێوەیە ئەوان دەكەونە بەرانبەر بە ئەمەریكا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆیە پرۆسەیەكی راكێشانە بۆ رووبەڕووبونەوە لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەكان، لەوانە بەریتانیا و فڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە پێشبینی دەكرێت پەرەسەندن بۆ گوشار لەسەر ئێران و میلیشیاكانی دروست ببێت، بۆ پاككردنەوەی ناوچەكە لە ستراتیجیەتی ئێران لە دروستكردنی ئاڵۆزییەكان. 

بەدران پێی وایە كە ئەمەریكا هەڵوێستی خۆی لەبارەی میلیشیاكان یەكلا كردووەتەوە، ئەوان بە نەیار و ركابەر بۆ خۆی و ئیسرائیل دادەنێت، لە سەردانەكەی سوودانیش بۆ واشنتن، ڤیزەی چوونە ناو ئەمەریكای بە هەندێك كەسایەتیی سیاسی سەر بە میلیشیاكان نەدا لەگەڵ شاندی سوودانی بچنە واشنتن، ئەوەش واتای ئەوەیە نە لە ئێستە و نە لە داهاتوو موجامەلە لەگەڵ ئەواندا ناكات. 

ئەو شارەزایە پێشبینی دەكات لە دوای شەڕی غەزە، هەڵمەتێك بۆ بچووككردنەوەی ئێران و لاوازكردنی دەست پێ بكات، ئەگەر هەیە رابكێشرێتە ناو شەڕێكی وەك ئەوەی لەگەڵ سەدام حوسێن لەكاتی شەڕی كوێت كرا، لەناو بوونی پاڵپشتی و هاندانێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ئەو ئاراستەیە، چونكە ئارامیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامانجێكی گرنگە بۆ گەشەسەندنی ناوچەكە، بەتایبەتی كە چەندان سەرچاوەی گەشەسەندنی تیادایە، ئەگینا چین ناوچەكە كۆنترۆڵ دەكات و ئەمەریكاش رێگە بەوە نادات.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل