100 مێگاواتی تر بۆ تۆڕی كارەبای هەرێم زیاد دەبێت

:: PM:06:28:23/07/2020 ‌

وەزارەتی كارەبای هەرێم رای گەیاند كە 100 مێگاوات كارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان زیاد دەبێت، ئەوەیش كاریگەری لەسەر زیادبوونی سەعاتەكانی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییان دەبێت.
ماوەی پێدانی كارەبا زیاد دەبێت
وەك لە راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە ئەمڕۆ پێنجشەم هاتووە و وێنەیەكی بە "وشە" گەیشت، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و بەرهەمهێنانی كارەبا، بڕیارە سبەی 24ی تەمووز سەعات 6ی سەر لە بەیانی، بۆ ماوەی تەنیا سێ بۆ چوار سەعات بڕی 200 مەق مەق بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەی كۆرۆمۆڵ كەم بكات.

زیاتر هاتووە، ئەمەیش بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆسەی تەكنیكی زیادكردنی گاز، دواتر دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە و 100 مێگاوات كارەبا زیاد دەبێت و كاریگەری لەسەر زیادبوونی ماوەی پێدانی كارەبا دەبێت .

لە كۆتادا ئاماژەی كردووە، وەزارەتی كارەبا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی كارەبا و زیادكردنی ماوی پێدانی كارەبا، بەتایبەتی لەم وەرزەی هاویندا، بۆ ئەوەی بەپێی توانا و بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل