ئێران كاكه‌یییه‌كانی كوردستان به‌ شیعه‌ ده‌كات
تا ئێستە كاكەیییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف نوێنەرایەتییان نییە

:: AM:08:40:12/02/2017 ‌
كاكەیییەكان پێكهاتەیەكی كوردستانن و بەگوێرەی ئامارەكان، ژمارەیان لە نێوان 100 تا 150 هەزار كەس دەبێ، چالاكێكی كاكەیی ڕوونی كردەوە، تا ئێستە كاكەیی-یارسان نوێنەرایەتییان لە وەزارەتی ئەوقاف نییە و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە بەشێك لە كاكەیییەكان خۆیان بە مسوڵمان دەزانن، بەو هۆكارە وەزارەتی ئەوقاف نوێنەرایەتی بۆ كاكەیییەكان نەكردووەتەوە. هێما بۆ ئەوەش دەكات ئێران بە بەرنامە كاكەیییەكانی كوردستان بە شیعە دەكات.

رەجەب كاكەیی چالاكی كاكەیی/یارسان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "كۆمەڵێك كاكەیی هەن خۆیان بە مسوڵمان دەزانن و ئێمەش خۆمان بە كاكەیی یارسانی دەزانین و بە نەتەوەییش كوردین، بۆیە وەك كەمینەیەكی ئاینی تایبەتمەندی خۆمانمان هەیە و داوامان لە وەزارەتی ئەوقاف كردووە و نوێنەریشمان دیاریی كردووە كە نوێنەرایەتی كاكەیی یارسان بكات لە وەزارەتەكەدا، بەڵام كۆمەڵێك خەڵك دژی وەستانەوە، بۆیە تا ئێستەش ئەو بابەتە یەكلا نەبووەتەوە".

زیاتر دەڵێ، "‌هەرچەندە نوێنەرایەتی كاكەیی نییە، بەڵام بۆ شوێنە فەرمییەكان نوێنەری كاكەیی یارسان داوەت دەكرێن و بەشدار دەبن، لەمەشدا وەزارەتی ئەوقاف درێغی نەكردووە"‌.

ئەو گوتی، "ئەوانەی ناوی خۆیان ناوە كاكەیی مسوڵمان كێشەیان نییە، مسوڵمانەكان پێكهاتەی زۆرینەن، بەڵام ئێمە كە كاكەیی یارسانین، بە ئاین جیاین و تایبەتمەندی خۆمان هەیە، وەزارەتی ئەوقاف بۆ ئەوەی كاكەیییەكان دابەش نەبن، تا ئێستە بڕیاری نەداوە، ئێستە لە هەڵەبجە نوێنەرمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە هەیە و هاوكات بە فەرمانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، فەوجێكی پێشمەرگە بۆ كاكەیییەكان پێك هێنراوه"‌.

لەبارەی بوونی كۆتای كاكەیی لە پەرلەمانی كوردستان ئەو چالاكە گوتی، "ئەوە كێشەیەكی عێراقییە زیاتر، چونكە لە یاسای باری كەسێتی و دەستووری عێراق ئاماژە بە كاكەیییەكان وەك كەمینەی ئاینی جیا نەكراوە، بەڵكو بە مسوڵمان هەژمار كراون، لە دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵە ددان بە پێكهاتەی ئاینی كاكەیی یارسان بنێت، ئەوكات دەتوانرێ لە كوردستانیش داوای كورسیی كۆتا بكەین، دەتوانین لەسەر بنەمای ئاین داوای كۆتا بكەین، بەڵام ئاینەكەمان لە دەستووری عێراق دانی پێدا نەنراوە و لە ناسنامەی باری شارستانیمان مسوڵمان نووسراوە، كەواتە پەرلەمانی كوردستان لەسەر چ بنەمایەك كۆتامان بۆ دیاری بكات؟".

رەجەب كاكەیی باسی لە مەترسییەكی گەورە كرد كە لەسەر كاكەیی یارسانەكان هەیە و ئەوەی ئاشكرا كرد "گرووپێك هەن بە چڕی هەوڵ دەدەن و كار دەكەن كاكەیییەكان بە شیعە بكەن، لە جیاتی بە مسوڵمانی سوننە، بەداخەوە وەزارەتی ئەوقاف و وەزیری ئەوقافیش بە وەكالەت دركیان بەو كێشەیە نەكردووە و دەبێ كار بكەن و بزانن ئەو گرووپە كێن، هەرچەند ئەو كەسانە دەناسن، تەنانەت ئاگەدارم كە 50 زەمالەی خوێندنی بەكالۆریسیان بۆ گەنجانی كاكەیی لە ئێران وەرگرتووە كە ڕەزامەندییان داوە ببن بە شیعە"‌.

مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پێوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "هۆی دیارینەكردنی كەسێك وەك نوێنەری كاكەیییەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەندێك لەوانە هاتوون و دەڵێن، ئێمە مسوڵمانین و مەزەومان شیعەیە، ئێمەش دەمانەوێ نەبین بە لایەنگر لەو كێشەیە مۆڵەتی نوێنەرایەتی بە یەكێكیان بدەین و ئەوەیتر بڵێ ئەوانە نوێنەرایەتی ئێمە ناكەن، حكوومەت نایەوێ ببێتە لایەنگر".

زیاتر دەڵێ، "وەزیری ئەوقاف چەند جارێك داوای لێ كردوون لە نێوان خۆیان ڕێك بكەون و ئێمە لە 24 سەعاتدا دوای ڕێككەوتنیان، نوێنەرایەتییان بۆ دیاری دەكەین. بۆیە ئەوان كێشەی ناوخۆیییان هەیە و هەندێكیان دەڵێن ئێمە مسوڵمانین و هەندێكی تریشیان دەڵێن ئێمە ئاینێكی جیاین".

بەگوێرەی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە كوردستاندا، هەر پێكهاتەیەكی ئاینی دەتوانێت نوێنەرایەتی خۆی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی دیاری بكات، پێشتر بە سوودمەندبوون لەو یاسایە، نوێنەرایەتی چەند ئاینێكی تر لەو وەزارەتەدا كراونەتەوە، ئەوە جگە لە مەسیحی و ئێزیدییەكان كە خاوەنی دوو بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ئەوقافن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د