بێ هیچ رێکارێکی تەندروستی لە سلێمانی ئاژەڵ سەردەبڕدرێت

:: PM:03:15:31/07/2020 ‌
لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، هاووڵاتیانی سلێمانی و فرۆشیارانی ئاژەڵ لە چەند ناوچەیەکی شارەکە بەتایبەت لە بناری چیای گۆیژە و لای فولکەی هوانە و چەند رێگایەکی دەرەوەی شار بەبێ رەچاوکردنی رێنماییەکان ئاژەڵیان سەربڕیوە و پزیشکێکی ڤێتەرنەریش باس لە مەترسییەکانی سەربڕینی ئاژەڵ دەکات لە دەرەوەی کوشتارگە.

ئەمڕۆ هەینی، شاڵاو عارف، سەرپەرشتیاری تیمی ڤێتەرنەری لە کوشتارگەی نوێی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگە و بەبێ جێبەجێکردنی رێنماییەکان و دور لە پشکنینی ڤێتەرنەری کارێکی مەترسیدارە و ئەگەری زۆری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەکرێت، چونکە ئاژەڵەکان دوور لە رێنماییەکان سەر دەبڕدرێن، دەشکرێت نەخۆش بن کە تەنیا شارەزایانی کوشتارگە دەتوانن ئەو نەخۆشییانە ئاشکرا بکەن.

وەک زیاتر خستیەڕوو ئاژەڵ هەیە کە سەری دەبڕدرێت گۆشتێکی زۆر جوانی هەیە، بەڵام کە پشکنینی بۆ دەکرێ هەندێک جار دەردەکەوێت گۆشتەکە بۆ خواردن ناشێت/

بەگوتەی شاڵاو عارف هەندێک ئاژەڵ هەن کە نەخۆشن، نەخۆشییەکانیان بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە کە پێیان دەڵێن نەخۆشییە مرۆئاژەڵییەکان، گرنگە هاوڵاتیان دووربکەونەوە و کارەکەش نایاسایی و باش نییە و هەر خۆی لە خۆیدا نەخۆشی هەیە بۆیە باشتر وایە ئەو ئاژەڵانە لە کوشتارگە سەرببڕدرێن.

رۆژانە دەیان ئاژەڵ کە لە کوشتارگە سەردەبڕدرێت گۆشتەکانیان نەشیاوە و فڕێ دەدرێن و دەسووتێنرێن
 رۆژانە دەیان ئاژەڵ کە لە کوشتارگە سەردەبڕدرێت گۆشتەکانیان نەشیاوە و فڕێ دەدرێن و دەسووتێنرێن، چۆن دەکرێت لەو ئاژەڵانەی لە دەرەوە سەر دەبڕدرێن نەخۆشی تێدا نەبێت.

پێش چەژن لایەنە پێوەندیدارەکان هۆشدارییان دابوو بە هاوڵاتیان کە لەسەر شەقام و رێگە و بانەکان ئاژەڵ سەرنەبڕن چونکە تووشی سزا و لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە بەڵام هاوڵاتیان بێگوێدانە رێنماییەکان ئەو کارەیان کردووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان