وریايی لە زۆر بەكارهێنانی ئەو جۆرە پاراسیتامۆلە دەدرێت

:: PM:06:12:23/04/2024 ‌

زۆرێك لەكاتی تووشبوون بە سەرئێشە زوو پەنا بۆ ئازارشكێنەكان دەبەن، كە رەنگە ئەگەر بۆ ماوەیەك بەرگەی ئازارەكە بگرن باشتر بێت، چونكە تەواوی دەرمانەكان مادەی كیمیایین و لە كاتی ناچاری نەبێت باش نییە بخرێنە ناو لەشەوە، ئەوەش  بۆ خۆپاراستن لە كاریگەرییە خراپ و لابەلاكانیان، پزیشكێك وریایی لە زۆر بەكارهێنانی پاراسیتامۆل، بەتایبەتی هەزار ملیگرامییەكەی دەدات.

هۆكارەكانی سەرئێشە زۆرن، لەوانە سترێس و خراپیی خەو و بەرزیی پەستانی خوێن و هیتریش، رەنگە بە نەهێشتنی هۆكارەكە كۆتایی پێ بێت، بەڵام زۆر كەس زوو پەنا بۆ ئازارشكێنەكان دەبەن، د. مەحموود ئەنساری، پزیشكی میسری و پسپۆڕی بەرگریزانی وریایی لەو حاڵەتە دەدات و دەڵێت، توێژینەوەیەكی نوێ كە لەسەر پاراسیتامۆلەوە كراوە، دەری دەخات كە دەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی ژەهر لەناو لەشدا.

روونی كردەوە، بەو شێوەیە كار دەكاتە سەر ئاماژە هەستەدەمارییەكانی ماسولكەی دڵ، دەبێتە هۆی لاوازكردنی سیستمی بەرگریی لەش و توانای بەرگرییە خانەكان لە ناسینەوەی تەنە نامۆكانی دەچنە ناو لەش كەم دەكاتەوە.

ئەو پزیشكە دووپاتی دەكاتەوە كە پێویستە تەنیا لەكاتی بەرگەنەگرتنی ئازار پەنا بۆ ئازارشكێن ببرێت، زیاترین ژەمی پێویستیش لەكاتی بەكارهێنانی سێ حەبی 500 ملیگرامییە لە رۆژێكدا، واتە هەر هەشت سعات جارێك، هاوكات داوای خۆبەدوورگرتنی لە بەكارهێنانی حەبی هەزار ملیگرامی لە پاراسیتامۆل كرد، كە خەڵك زیاتر بەكاری دێنن، چونكە 20%ی رێڕەوی ئاماژە دەمارییەكانی دڵ دەگۆڕێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل