ئەمڕۆ وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی ڕەتکردنەوەی خانەنشینیی پەرلەمانتارانی ئەم خوولە و خوولەکانی پێشوو کۆتایی هات، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنە ئیسلامییەکانی ئەم خوولە و خوولەکانی پێشووش خانەنشینییان ڕەت نەکردەوە.
ئەمڕۆ شەممە یەکی ئاب، سەرچنار ئەحمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وادەی پڕکردنەوەی ڕەتکردنەوەی خانەنشینیی پەرلەمانتاران کۆتایی هات و ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو فۆڕممان بۆ رەتکردنەوەی خانەنشینیەکانمان پڕ نەکردەوە.
زیاتر گوتی: فۆڕمەکە بۆ پەرلەمانتارانی ئەم خوولە و خوولەکانی پێشووش بووە، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێکی خوولەکانی پێشووش لە فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەو فۆڕمەی پڕ نەکردووەتەوە و وادەکەش کۆتایی هاتووە، چونکە تا ئەمرۆ یەکی ئاب وادەکە دیاری کرابوو.
بەپێی بەدواداچوونەکانی "وشە"، هیچ پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنە ئیسلامییەکان، لەم خوولە و خوولەکانی پێشوو کە فراکسیۆنی بزووتنەوە و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامین، فۆڕمەکەیان پڕنەکردووەتەوە و خانەنشینیان ڕەتنەکردووەتەوە.
"وشە" پێوەندیی بە پەرلەمانتارانی کۆمەڵی ئیسلامی کرد، بەڵام بە بیانوی ئەوەی هیچ قسەیەک ناکەن، باسیان لە هۆکاری پڕنەکردنەوەی فۆڕمەکە نەکرد و لێدوانیان نەدا.
پڕکردنەوەی فۆڕمی رەتکردنەوەی خانەنشینیی پەرلەمان لە بەرانبەر ئەو دۆخەدابوو کە ئێستە دروستبووە بۆ گەڕانەوەی داهاتی زۆرتر بۆ حکوومەت لەپێناو باشکردنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی