ترەمپ: هەڵبژاردن نەبوایە ئێران و چین و كۆریای باكور دانوستانیان دەكرد

:: AM:09:57:06/08/2020 ‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا باس لە هۆكاری رازی نەبوونی هەریەك لە وڵاتانی ئێران، چین و كۆریای باكور بە دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا دەكات، سەرەڕای ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپاندوون، پێی وایە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا رێگرە لەم دانوستانانە و ئەوان چاوەڕێی دۆڕانی ترەمپ دەكەن.

ئەو بەرگری لە پێگەی خۆی دەكات و روونی دەكاتەوە، لەو كاتەی بووەتە سەرۆكی ئەمەریكا هەنگاوی باشی بەرەو ئاشتی ناوە و ئەگەر لە هەڵبژاردنی 2016 هیلاری كلینتن سەربكەوتایە، ئەوا ئێستە ئەمەریكا و كۆریای باكور لە جەنگدا بوون. ئاماژەی بەوەش كرد هەرسێ وڵاتی ئێران و چین و كۆریای باكور چاوەڕوانی هەڵبژاردنەكانن، ئەگەرنا بە 24 سەعات دەهاتنە سەر خەت و داوای دانوستانیان دەكرد.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا،  ترەمپ لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكور سێ جار دانوستانی هەبووە، بەڵام هیچ كامێكیان ئەنجامیان نەبووە و پیونگ یانگ چاوەڕوانی لابردنی سزاكانی ئەمەریكایە لەسەری بۆ ئەوەی دانوستان بكات.

ئێران سەرەڕای ئەو سزا قورسانە، هێشتا ئومێدی بەوە بەستووە ترەمپ لە هەڵبژاردن بیدۆڕێنێت
ئێرانیش سەرەڕای ئەو سزا قورسانە، هێشتا ئومێدی بەوە بەستووە ترەمپ لە هەڵبژاردن بیدۆڕێنێت و لەگەڵ ئیدارەیەكی تری ئەمەریكا دانوستان بكات.

بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمەریكا بكرێت و جۆ بایدن لە پارتی دیموكرات ركابەری سەرەكی ترەمپە. كۆرۆنا پاشەكشەی ئابووری و پێوەندییە بازرگانییەكانی نێوان چین و ئەمەریكا هۆكارە لەوەی ترەمپ تووشی دۆخێكی تایبەتی ببێتەوە و هەڵبژاردن بۆ جاری دووەمی قورستر بكات.



وشە - سلێمان تاشان