پێگە و توانای مێیینە لە هەرێم بەرجەستە كراوە.. هەشت قوتابی یەكەمی هەرێم كچن

:: PM:06:01:13/08/2020 ‌

لە كۆی 11 قوتابییە یەكەمەكەی پۆلی 12ی ئامادەیی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، هەشتیان كچن، ئەوان باس لەوە دەكەن كە بوونی كچ لەو ریزبەندییە، جێگەی خۆشحاڵی و هاندانێكە بۆ ئەوەی كچان لە پێگەیەكی بەرزدا خزمەت بە وڵاتەكەیان بكەن.
بەرجەستەی گرنگیدانی هەرێمە بە توانای رەگەزی مێ
دوێنێ چوارشەم، 12ی ئاب، وەزارەتی پەروەردە نمرەی قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئاشكرا كرد و 11 یان بە پلەی جیاواز كۆنمرەیان لە 89 بۆ 100 بوو، لە كۆی 100 نمرە و بەشی زۆریان كچ بوون، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە ناوچە جیاوازەكان.

عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە بەراورد بە زۆر وڵاتی پێشكەوتوو، گرنگی بە ژن داوە و بەشی زۆری پلە و پۆستەكان بۆ ژنە، ئەمەیش هاندانێكە بۆ ئەوەی كچ جیاواز سەیر نەكرێ، هیچ جیاوازی نییە لەوەی كچ زۆر بن لە پلەی یەكەم یان كوڕ، گرنگە خزمەتكردنە بە ناوچەكە لەو پلەو پۆستەی لە داهاتوو بەدەستی دێنن.

زیاتر گوتی، پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان زۆر باشە، جیاوازی لە نێوان ڕەگەزەكان ناكات، تا ئێستەیش لە كوردستان ئەو نەریتە نییە كە كچ نابێ بچێتە بەر خوێندن، بەپێچەوانەوە بەشی هەرە زۆری پلە و پۆستەكان لە هەر بوار و كەرتێكدا، لەدەست كچ و ژناندا بووە، ئەوەیش گرنگیدانی هەرێمە بە تواناكانی رەگەزی مێ، دووپاتی كردەوە، دڵخۆشین كاتێك لە هەرێم هەر خوێندكارێك دەتوانێ نمرەی تەواوەتی بەدەست بێنێت بۆ خزمەتكردنی وڵات.

ڤانیا شێركۆ، یەكێك لە قوتابیانی كۆنمرەی 700 بووە، واتە لە كۆی تێكڕای 100 نمرە 100ی بە دەست هێناوە، بە "وشە"ی گوت، هەستێكی زۆر خۆشە كاتێك زانیم زۆربەی ئەوانەی لە 10 یەكەمەكە بوون كچن، ئەوە دڵخۆشكەر بوو بۆ ئێمە، هەمیشە پشتگیری كچم كردووە، ئەو پلەیەش كە ئەمساڵ كچان بە دەستیان هێناوە، هاندانێكی زۆر باشە بۆ داهاتوو تا كچەكانمان بتوانن بە پلەی باش لە ناوەندەكانی خوێندن بچنە دەرەوە.

زیاتر گوتی، هیوادارم كچانمان هەوڵ بدەن و بگەن بەو هیوا و ئاواتی خۆیان، ئێمەیش دەمانەوێ لە چواچێوەی ئەو پلە و پایەی كە بەدەستی دێنین، خزمەت بە وڵاتی خۆمان بكەین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل