دەروازەی باشماخ: جووڵەی بازرگانی ئاساییە و بوونی قاچاخچییەتی رەت دەكەینەوە

:: PM:08:31:16/09/2020 ‌

تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوودا، لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی باشماخەوە، زیاتر لە 93 هەزار تۆن شتومەك لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێم كراوە ‌و زیاتر لە چوار هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر چوونەتە خاكی ئێران و 9879 ئۆتۆمبێلی ئێرانیش، بە هەموو جۆرەكانییەوە، هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمەوە.
لە 120 مەتری سنوور لەگەڵ ئێران بەرپرسین
موختار عەلی، لێپرسراوی راگەیاندن و پێوەندییەكانی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ، بە"وشە"ی راگەیاند، ئێستە جووڵەی بازرگانی لە باشماخ ئاساییە و هیچ كێشەیەك لەئارادا نییە و رێگەدان بە كاری قاچاخچییەتیش رەت دەكەینەوە، چونكە 120 كیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ ئێران هەیە، تەنیا لە 120 مەتری ناو سنووری دەروازەكە بەرپرسین.

زیاتر گوتی، بەپێی ئامارێك كە لەبەردەستدایە، تەنیا لە مانگی ئابی رابردووی ئەمساڵدا، چوار هەزار و 40 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری عێراقی چوونەتە ناو خاكی ئێران، 9879 ئۆتۆمبێلی ئێرانیش، بە هەموو جۆرەكانی سووتەمەنی و ترانزێت و بارە بیانییەكان، هاتوونەتە دیوی باشماخی هەرێمەوە.

ئەو بەرپرسەی مەرزەكە روونی كردەوە، هاوكات هەر لەماوەی مانگی رابردوودا، 93 هەزار تۆن لە هەموو جۆرەكانی میوە، لە رێگەی باشماخەوە هاوردە كراون و 42 تۆنیش بە هەموو جۆرەكانی میوە، رێگەی هاتنە ناو خاكی هەرێمیان پێ دراوە، 19 تۆنیش گەڕێندراونەتەوە ئێران.

دووپاتی كردەوە، ئێستە بەپێی رێنوێنیی وەزارەتەكانی ناوخۆ و تەندروستی، تەنیا رێگە بە چەند كەسێك دەدرێ هاتوچۆ بكەن، كە نەخۆشن یان خوێندكارن، بۆ هەموو پشكنینێكی كۆرۆنایش بڕی 60 هەزار دینار وەردەگیرێت.

لای خۆیەوە، عیسا كەریم، خاوەنی نووسینگەیەكی گەشتیاری لە پێنجوێن، بۆ "وشە"، ئاماژەی دا، ئەو كەسانەی بەپێی رێنوێنییەكان رێگەی گەشتیان بۆ ئێران پێ دەدرێ، بۆ دەركردن و پێدانی ڤیزای ئێرانی پێیان، بڕی 25 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێ و ماوەی مانگێك كاری پێ دەكرێت.

دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانییەوە دوورە و یەكێكە لە سێ دەروازە نێودەوڵەتییەكەی نێوان هەرێم و ئێران، رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لێوە ئەنجام دەدرێت و هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌