لە یەك نەخۆشخانەی سۆران 40 پزیشك و كارمەند تووشی كۆرۆنا بوون

:: PM:04:02:22/09/2020 ‌
لە نەخۆشخانەی "ئاشتی"ی گشتی لە سۆران، دەیان پزیشك و كارمەندی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و بەرپرسێكی نەخۆشخانەكەش زانیاری بۆ "وشە" دەخاتەڕوو .
یەك لە پزیشكەكان كە پسپۆڕی هەناو بوو گیانی لە دەست داوە

ئەمڕۆ سێشەم 22ی ئەیلوول، بەختیار یوسف بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ئاشتی گشتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سەروبەندی پەیدابوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كوردستان، تا ئێستە زیاتر لە 40 پزیشك و كارمەندی نەخۆشخانەكەمان تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە یەك لە پزیشكەكان كە پسپۆڕی هەناو بوو گیانی لە دەست داوە.

لە شار و شارۆكەكانی كوردستان، نزیكەی هەزار پزیشك و كارمەندانی تەندروستی هاوشێوەی هاووڵاتییانی ئاسایی تووشی كۆرنا بوونە .

بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ئاشتی  دووپاتی دەكاتەوە، بەهۆی بەركەوتنیان لەگەڵ نەخۆشدا ئەو پزیشك و كارمەندانەمان لە بەشە جیاوازەكانی نەخۆشخانەی ئاشتی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بۆیە داوا  لە نەخۆش و ئەو هاووڵاتییانە دەكەین  كە سەردانی نەخۆشخانە دەكەن، خۆیان بپارێزن یا بۆ نەخۆشییەكی زۆر پێویست نەبێ، سەردانی نەخۆشخانە نەكەن.

 ڤایرۆسی كۆرۆنا  لە مانگی كانوونی 2019 لە شاری ووهانی چینەوە سەری هەڵدا، خەڵكی سەرچاوەی ڤایرۆسەكە دەگەڕێننەوە بۆ بازاڕی هوانانە لە شاری  ووهان كە بازاڕێكی تایبەتە بە خواردنی ئاژەڵ و باڵندەكان و خواردنە دەریاییەكان.
 
نەخۆشخانەی ئاشتی نەخۆشخانەیەكی گشتییە لە سۆران، رۆژانە بە مەبەستی سەرجەم چارەسەرەكانی پزیشكی خەڵك رووی تێدەكات .

سۆران/ موڕشید برادۆستی



وشە - هیدایه‌ت جان