شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكانی بەردەوامە

:: AM:08:57:23/09/2020 ‌
شاندی هەرێمی كوردستان بۆ جێگیركردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە رەشنووسی سێ‌ ساڵی داهاتووی عێراق، لە بەغدا لە كۆبوونەوەكانی بەردەوامە.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ـی ئەیلوول، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، تا ئێستە شاندی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكانیان بەردەوامن بۆ گەیشتن بەڕێككەوتنی تەواوكاری لەسەر بودجەی سێ‌ ساڵی داهاتووی عێراق.

ڕەنگە ڕۆژی پێنجشەم بگەن بەڕێككەوتنێكی كۆتایی 
لە زانیارییەكاندا هاتووە، شاندەكە پەروین محەمەد نووری بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عەبدوڵا رەمەزان مەعرووف شارەزای ئابووری درێژەپێدەری  كۆبوونەوەكانن.

باس لەوەش كراوە، ڕەنگە ڕۆژی پێنجشەم بگەن بەڕێككەوتنێكی كۆتایی بۆ ڕەشنووسی سێ‌ ساڵی بودجەی عێراق و ئەوكاتە بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.

ماوەی 50 ڕۆژ زیاترە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامی هەیە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن لەسەر پڕۆژە نەخشەی بودجە بۆ سێ‌ ساڵی داهاتوو.

ڕۆژی هەینی 18ی ئەیلوول، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نووسیویەتی، گەشبینم بەوەی كە دەتوانین لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بگەینە ڕێككەوتنی كۆتا.



وشە - رامیار جەواد