رەبعەڵا بە سووتاندنی ئاڵای كوردستان دەستیان پێ كرد.. بەرنامەیان چییە؟

:: PM:07:47:17/10/2020 ‌

بەر لە ماوەیەك گرووپێكی دەمامكدار و جل رەش و چەكدار تۆمارێكی ڤیدیۆییان بڵاو كرەوە و خۆیان بە "رەبەعەڵا"، ناساند، ئەوان هەرشەیان لە ئەمەریكا و لایەنگرانی لە عێراق و لەناو شەقامی شیعە كرد، راستییەكەی ئەوان بەرجەستەی گیانی تۆڵەسەندنەوەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە هەموو كەسێكی دوور لە گیانی تایفیەیی و ئەجیندای ئێرانی دەكەن، ئەوان سەرەتا بە نەیاریی پارتی و ئاڵای كوردستانی دەستیان پێ كرد و بۆ لەمەودوا دەبنە سەرئێشە بۆ حكوومەتی عێراق و ناو ماڵی شیعە و خۆپێشاندەران و تۆڵەی سووتانی بارەگاكانیان لەلایەن گەنجانی شیعە دەكەنەوە.
مەبەستی سەرەكیان لاوازكردنی حكوومەتی كازمییە
موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان و سووتاندنی هەردوو ئاڵای كوردستان و پارتی، پەیامێكی میلیشیاكانە بۆ دنیا بەوەی ئێمەین كە كۆنترۆڵی بەغدا دەكەین و حكوومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێكی لەسەر ئێمە نییە و هەرچییەكی بمانەوێ دەیكەین، جیا لەوە ئەو میلیشیایانەی كە سەر بە ئێرانن ئامانجیان شێواندنی دۆخەكەیە لە بەغدا و ناوچەكانی تر و سەلماندنی لاگیریی و دڵسۆزی خۆیانە بۆ سەرانی ئێران، بەوەی چاوەڕوانی ئاماژەیەكی ئەوان دەكەن.

زیاتر گوتی، وەك هۆزە عەرەبییە سوننەكان پێشتریش هەمووانمان لە تاوانەكانی ئەو میلیشیایانە ئاگەدار كردبووەوە، ئەوان نوێنەرایەتی گەلی عێراق ناكەن، لە سوننە و شیعە و كورد و ئەوان نوێنەرایەتی ئەجیندای دەرەكی دەكەن، ئەو میلیشیایانە قێزەوەنترین تاوانیان دژ بە عەرەبی سوننە ئەنجام داوە و ئەوان هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ داعش نییە و هەمان شێوازی كاركردنیان هەیە، سووتاندنی بارەگای پارتی و ئاڵای كوردستان ئیهانەكردنی هەموومانە و ئێمە قبووڵی ناكەین.

حوێت لەبارەی رەبعەڵاوە گوتی، ئەوەی رەبعەڵا كردی كە گرووپێكی سەر بە میلیشیاكانە، پەیامێكە بۆ هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەبارەی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، كە هەفتەی رابردوو لە بەغدا واژوو كرا، بۆ سەلماندنی بەهێزی خۆیانە لەبەردەم حكوومەت و گەلی عێراق، ئەو گرووپە بەمنزیكانە راگەیەنداروە و راستەوخۆ سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، گرووپەكە پێش ساڵێك دامەزراوە، بەڵام بەمدواییە دەركەوت و مەبەستی دروستكردنی دووبەرەكی و شێواندنی دۆخی عێراق لە دوای كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، بۆیە دەستیان بەكار كردووە و هێرش دەكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، ئەمڕۆیش هەڵیان كوتایە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا و ئاڵای كوردستاین سووتاند، ئەوە یەكەم پەیامی ئاشكرای ئەوانە بەوەی دژ بە رێككەوتنی شنگالن.

گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكان دووپاتی كردەوە، دوای رووداوەكەی ئەمڕۆ چاوەڕوان دەكرێ كازمی دەسەڵاتی دەوڵەت بسەپێنێ و بەغدا لەو میلیشیایانە پاك بكاتەوە، كە رۆژانە قێزەوەنترین تاوان ئەنجام دەدەن، هاوكات بۆ بەرژەوەندی ئێران كار دەكەن بە كۆكردنەوەی پاڵپشتی دارایی بۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سزاكانی ئەمەریكا كە لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، بۆیە ئەو گرووپە سەر بە نووسینگەی عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێرانە، ئەو لەلایەن باڵوێزخانەی ئێرانەوە ئاراستە دەكرێت، لەلایەن فەرماندەكانی حەشدی شەعبی و شارەزایانی ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، مەبەستی سەرەكیان لاوازكردنی حكوومەتی كازمییە، چونكە ئەو لەلایەن ئەمەریكا و كورد و سوننە و شیعەكان پاڵپشتی دەكرێت، هاوكات ئەوان زەرەیان كردووە و دوای هاتنی كازمی، پێگەی جەماوەری و پۆستەكانیان لەدەست داوە، ئێستە ئەوان جەنگی مان و نەمان دەكەن.     

ئەمڕۆ دەیان كەس لە لایەنگری حەشدی شەعبی لە ناوچەی كەرادەی بەغدا هەڵیان كوتایە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان، بارەگاكە و هەردوو ئاڵای پارتی و هەرێمی كوردستانیان سووتاند، پاساوی هێرشبەران لێدوانێكی ئاسایی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو سەبارەت بە هێرشەكەی مانگی رابردوو سەر هەولێر، كە شەش مووشەك لەلایەن لیوای شەبەكی حەشدی شەعبییەوە لە مووسڵ ئاراستەی فڕۆكەخانەی هەولێر كرا، دوێنێ لە دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق چەند ئەندامێكی شیعە بەتوندی هێرشیان كردە سەر زێباری. 

دوای رووداوەكەی ئەمڕۆی بەغدا بە سووتاندنی ئاڵای كوردستان و بارەگا و ئاڵای پارتی، حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپێشاندانەكانی دژ بە لێدوانەكانی زێباری پێشان دا، هاوكات سووتانی بارەگاكەی پارتیان رەت كردەوە، لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە هەستی عێراقییەكان تێدەگەین لەوانەی سوورن لەسەر قوربانیدانی حەشدی شەعبی، پاڵپشتی لە ئازادی دەربڕین و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی ئاشتیانە وەك لە دەستوور هاتووە دەكەین، هاوكات بەكارهێنانی توندوتیژی و خراپەكاری بەهەر شێوەیەك رەت دەكەینەوە، بۆیە پێویستە هەمووان پارێزگاری لە دەسەڵاتی دەوڵەت و ئاشتەوایی كۆمەڵگا بكەن و رێز لە كارمەندانی تەناهی لەو دۆخە هەستیارەدا بگرن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل