"هەڵوێستە نەتەوەییەكانی پارتی وا دەكات پەلاماردانی بارەگاكەی ببێتە پرسێكی نێودەوڵەتی"

:: PM:08:45:17/10/2020 ‌
دوای پەلاماردانی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا لەلایەن میلیشیا شیعەكانە،  هەر زوو ئەو هەواڵە لە میدیا جیهانییەكان دەنگی دایەوە و كوردستانیان بە ئاڵا و لۆگۆی پارتی لە میلیشیاكان هاتنە دەنگ، ئەوەیش بۆ گرنگی پێگەی پارتی لە گۆڕەپانی سیاسی و نەتەوەییەوە دەگەڕێتەوە.
خەڵكی كوردستان لەگەڵ پارتی و ئامانجە نەتەوەییەكانیدایە
 د كەیوان ئازاد، مێژوونووس و مامۆستای زانكۆ، بە "وشە"ی راگەیاند، دیارە پارتی لە رووی مێژووییەوە حزبێكی ناسراوە و هەڵوێستە مێژووییەكانی بۆ داكۆكیكردن لە نەتەوەی كورد، زیاتر لە بازنەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە ناساندوویەتی .

زیاتر گوتی، هێزی شیعە هەردەم لە هەڵوێستە نەتەوەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان جیاواز لە هەر هێزێكی تر كە خیانەتی كردووە، نیگەرانە، بۆیە ئەوە بووەتە هۆكاری ئەوەی پرسی پەلاماردانی بارەگای پارتی وەك پرسێكی لۆكاڵی نەبینرێت.

لای خۆیەوە گولیزار رەشید، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ"وشە" دووپاتی كردەوە، پشتگیری خەڵكی كوردستان لە پارتی و ئاڵای كوردستان، دەرخەی ئەو راستیەیە كە خەڵكی كوردستان لەگەڵ پارتی و ئامانجە نەتەوەییەكانی پارتیدایە.

 لەسەر هەمان پرس، محەمەد عوسمان، پەرلەمانتاری سوننە لە پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستانی بە هێزێكی گەورە ناساند و بۆ"وشە"دووپاتی كردەوە كە دەبێ لیستە عێراقییەكان مامەڵەی لەگەڵدا بكەن لەپێناو خزمەتكردن بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل