"مەسیحییەکان لە ترسی میلیشاکان ناگەرێنەوە سەر خاکی خۆیان"

:: PM:03:27:18/10/2020 ‌
بەڕێوبەری کاروباری مەسیحیەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەھۆی ھێزەکانی میلیشیا ھیچ پێکەوەژیانێک لە عێراق نەماوە، لە ھەموو عێراق ژمارەی مەسیحییەکان ناگاتە 100 ھەزار و ئەوانەی تر لە ھەرێمی کوردستانن، بۆیە ئێستە جگە لە مەترسی بۆ مەسیحییەکان تەعریبیش بە چەندان جۆر دەستی پێ کردووە.

خالید ئەلبێرت بەڕێوبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ "وشە" گوتی، دەمێکە ئێمە دەستمان لە عێراق شوشتووە، لە ساڵی 1990 دوو ملیۆن مەسیحی لە عێراق ھەبوون، بەڵام ئێستە بەھەموو عێراقەوە ناگاتە 100 ھەزار مەسیحی، زۆرینەیان ھاتوون بۆ کوردستان کە نزیکەی 300 ھەزار کەس دەبن، لە ترسی میلیشیاکان  نایانەوێت بگەرێنەوە بۆ عێراق، ئەوانەی تریش کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە.

هەروەها گوتی: سەرەتا حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا بوون و دۆخەکە زۆر خراپ بوو، دواتر لەوێ دەرکران، بەڵام لەبەر تۆڵە ھەر ماون و لەوێش شەش کاتیۆشایان ئارستەی ھەرێمی کوردستان کرد کە ناوچەکانی ئێمە و خەڵکەکەی هیچ گوناهێکیان نەبوو کە بۆ کاری خراپ بەکارهاتن.

"ئێمە حکوومەتی عێراقمان لە مەترسیی حەشدی شەعبی ئاگادار کردووەتەوە کە ناکرێت ھێزێک لە دەرەوە ھاوردە کرابن و بێن دژایەتیی ئێمە بکەن، جگە لەوەش چەندان جۆری تەعریبیان کردووە و خەڵکیان لە عەمارە و شارەکانی تری عێراق ھاوردە کردووە، بۆ سەر خاکی مەسیحیەکان و نووسراویان بۆ کراوە کە ئەوانە خەڵکی ناوچەکەن وھەمووشی بە بەرنامە کراوە". خالید وای گوت.

لای خۆشیەوە،  یونادم یوسف کەننا نوێنەری مەسیحیەکان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ "وشە" گوتی، ئەوەی لە بەغدا کرا گەڕانەوە بوو بۆ دواوە، چونکە ئەمە لێدان بوو لە دیموکراسیەت و هەڕەشەیەك بوو بۆ سەر ھەموو عێراق نەک تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان.

زیاتر گوتی، ناکرێت حکوومەت لەو کارە بێ دەنگ بێت و پێویستە بێتە سەرخەت و رێگە نەدات ئەو کارە ھەروا بێ لێکۆڵینەوە و سزادانی بکەران بڕوات، چونکە ئەوە کارێکی مەترسیدارە و زیانی بۆ ھەموو عێراق دەبێت، وا دەکات دیموکراسیەت ھیچ مانایەکی نەبێت و دەبێتە مەترسی بۆ سەر پێکھاتەکانیش.

کەننا ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەو کارەی کراوە و تێیدا بارەگا و ئاڵای پارتی سووتێندراوە، ئاڵای کوردستانیش کە سیمبۆلی نەتەوەیەکە سووتێندراوە زۆر مەترسیدارە و بە ھەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەینەوە.

هەولێر/ بڵند ئیبراھیم   


وشە - ڕێناس شابان