قایمقامی ئاكرێ: بەهۆی پەكەكەوە 24 گوندی سنووری چۆڵ كراون

:: PM:05:07:26/10/2020 ‌

چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە زیانگەیاندن بە ناوچە سنووری و گوندەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامن، قایمقامی شارۆكەی ئاكرێ سەر بە پارێزگای دهۆك رای گەیاند كە بەهۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە لە سنووری ناوچەكەیان، 24 گوند چۆڵ كراون و خەڵكی گوندەكان لە ترسی ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە، دوێنێیش تەقەیان لە پێشمەرگە  كردووە.
بەهۆی بوونی پەكەكەوە بۆردمان هەیە و خەڵكەكە زیانی پێ دەگات
مازن محەمەد، قایمقامی ئاكرێ بۆ"وشە" گوتی، پەكەكە بەردەوام جێی مەترسییە بۆ سەر خەڵكی ناوچە سنوورییەكان و دوێنێ لە گوندی بامشمش لە سنووری شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆكەی ئاكرێ،  تەقەیان لە خاڵێكی تەناهی پێشمەرگە كرد، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێكی نەبوو و پێشمەرگەیش وڵامیان نەدابوونەوە .

زیاتر گوتی، هێزی پێشمەرگە لە گوندی ئامادا لە سنووری ئاكرێ تا دەگاتە پشت باكورمان، خاڵی پشكنینی داناوە و سنووریان تۆكمە كردووە، بۆ ئەوەی چیتر زیان بە خەڵك نەكەوێ و خەڵك هەست بە مەترسی نەكات.

قایمقامی ئاكرێ روونی كردەوە، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بۆردمانی توركیا و بوونی چەكدارانی پەكەكە لە سنووری شارەدێی دینارتە، 24 گوند چۆڵ كراون و خەڵكەكە ناتوانن بچنەوە ناوچەكانیان و ئەگەر بچنەوەیش مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، چونكە بەهۆی پەكەكەوە بۆردمان هەیە و رەنگە زیانیان پێ بگات.

ئاكرێ/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل