جووتیاره نموونه‌ییه‌كه‌ی ده‌شتی شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه، به‌رده‌وامه له داهێنانه كشتوكاڵییه‌كانی و هێنانی تۆوی جۆراوجۆر له وڵاتانه‌وه و ڕواندنی له خاكی كوردستان، له نوێترین كاریشیدا زه‌رده‌چه‌وه‌ی له وڵاتانی ژاپۆن و ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌نداوه هێناوه به‌رهه‌مێكی باشی لێ ده‌ست كه‌وتووه‌ته‌وه و له‌مساڵدا ده‌یخاته بازاڕه‌كانی كوردستان.
ئازاد محه‌مه‌د جووتیاره نموونه‌ییه‌كه‌ی كوردستان، زه‌رده‌چه‌وه‌ی به‌رهه‌م هێناوه و ده‌ڵێ داهێنانم تێدا كردووه، داهێنانه‌كه‌ی بۆ "وشه" باس كرد و گوتی، ئه‌و زه‌رده‌چه‌وه‌یه‌ی به تۆ‌و له وڵاتانی هۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیا و ژاپۆن وه‌ك سێوی بن زه‌وی ده‌چێنرێت، هێناومه‌ته كوردستان و سێ ساڵه له ده‌شتی شاره‌زوور خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنانیم.
ئاشكرای كرد كه سه‌ركه‌وتوو بووه له كاره‌كه‌ی و گوتی: سوپاس بۆ خوا سه‌ركه‌وتنێكی زۆر باشی به‌ده‌ست هێناوه، بیرۆكه‌م لێ وه‌رگرتووه، یه‌كه‌م ساڵ كه ده‌یچێنم هه‌ڵی ناگرمه‌وه، دواتر بۆ دووه‌م ساڵ هه‌ڵی ده‌گرمه‌وه، به‌وه‌ش به‌رهه‌می سێ قات ده‌بێت، په‌لوپۆی زیاتر له‌ناو زه‌ویدا ده‌ڕوات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و زه‌وییه‌ی زه‌رده‌چه‌وه‌ی تێدا ده‌نێژرێ ده‌بێ قوم بێت و نابێ قوڕ بێت، زه‌رده‌چه‌وه، زه‌نجه‌فیل، سێوی بن زه‌وی و په‌تاته وه‌ك خێزانێك وان، له ژێر زه‌وییه‌وه به‌رهه‌میان ده‌بێت، ئه‌ویش ده‌بێت ئه‌و زه‌وییه قومێكی شل بێت تا زیاتر به‌رهه‌می هه‌بێت، خاكی كوردستان زۆر باش گونجاوه بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م جۆره ڕووه‌كانه.
ئازاد محه‌مه‌د له‌باره‌ی هۆكاری هێشتنه‌وه‌ی تۆوی زه‌رده‌چه‌وه بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌ژێر زه‌وی ده‌ڵێ، خۆی ستاندارده‌كه‌ی یه‌ك ساڵه، به‌ڵام من وه‌ك داهێنانێك له پایزی یه‌كه‌م ساڵی هه‌ڵی ناگرمه‌وه، بۆ ساڵی دووه‌می هه‌ڵی ده‌گرم چونكه به‌رهه‌می زیاد ده‌كات، بۆ نموونه ساڵی یه‌كه‌م دوو كیلۆ به‌رهه‌می هه‌بووبێت ساڵی دووه‌می ده‌بێته شه‌ش كیلۆ، به‌بێ ئه‌وه‌ی زه‌وی بۆ بكێڵیت و كرێكاری بۆ بگری، ئه‌وكات سوودی زیاتره.
زیاتر گوتی، ده‌توانین كوردستان بكه‌ینه خاوه‌نی براندێكی زۆر باشی زه‌رده‌چه‌وه، وه‌ك نه‌وتێكی سپی لێی ده‌ڕوانم، ده‌توانین ئه‌وه‌نده به‌رهه‌م بێنین هه‌نارده‌ی وڵاتانی بكه‌ین، سه‌ره‌تا چوار سه‌لكم چاند، ئێسته بووم به خاوه‌نی دوو هه‌زار سه‌لكی زه‌رده‌چه‌وه، به‌یتێكی پلاستیكیم هه‌یه و بڕیاره ئه‌مساڵ وشكی بكه‌م و بیكوتم و بیخه‌مه بازاڕه‌وه، ڕه‌نگی زه‌رده و كه به‌رده‌ستت ده‌كه‌وێت بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته لێی نابێته‌وه، تام و بۆنێكی تیژی هه‌یه.
جووتیاره نموونه‌ییه‌كه له كۆتایی قسه‌كانیدا گوتی: بۆ ساڵی داهاتوو به‌شی 300 جووتیار زه‌رده‌چه‌وه ده‌ده‌م، تا به‌فراوانی ده‌ست به به‌رهه‌مهێنانی زه‌رده‌چه‌وه له كوردستان بكرێت.
هه‌ڵه‌بجه / عه‌زیز هه‌ورامی