بۆ ئەوەی کێشت دابەزێ میوە بشۆرەوە و بۆنی زەیتی زەیتوون بکە

:: AM:11:05:24/11/2020 ‌
لە نوێترین توێژینەوەدا، پسپۆران بۆیان دەرکەوتووە کە شۆردنەوەی میوە و بۆنکردنی زەیتی زەیتوون دەبنە هۆی دابەزینی کێش کە ڕەنگە تا ئێستە زۆر کەس هەستیان بەوە نەکردبێت.

ماڵپەڕی لبنان24 بڵاوی کردووەتەوە، سەرباری ئەو هەموو ڕێیە جیاوازەی بۆ دابەزاندنی کێش باس دەکرێن کە باوترینیان ڕێکخستنی سیستمی خۆراک و وەرزشکردنە، چەند شتێکی تر بۆ دابەزینی کێش بەکەڵک دێن.

ئەگەر پێش خواردنیان جوان نەیشۆیتەوە، کێشت زیاد دەکات

بەپێی توێژینەوەی پسپۆران دەرکەوتووە، ئەگەر سەوزە و میوە بەباشی بشۆیتەوە، کێشت دادەبەزێت، بەڵام ئەگەر پێش خواردنیان جوان نەیشۆیتەوە، کێشت زیاد دەکات.

ڕوون کراوەتەوە، میوە و سەوزە بەوە ناسراون کە ژمارەیەکی زۆر بەکتریا و وردە مێروو لەسەریان کۆدەبێتەوە و زۆربەیان بەچاو نابینرێن، بۆیە ئەگەر بەجوانی نەشۆردرێنەوە و بخورێن، دەبنە هۆی زیادبوونی کێش.

ئەوەش باس کراوە، ئەگەر ئەو بەکتریا و وردە مێرووانە بۆ ماوەیەکی زۆر بخۆیت، نەک هەر کێشت زیاد دەکات، بەڵکو کاریگەریی خراپی لەسەر ڕژێنی دەرەقی دەبێت و کێشە لە چالاکیی هۆرمۆنەکانی جەستە دروست دەکات، ئەمەش وا دەکات خۆراکەکەی دەیخۆیت ببێتە وزە بۆت و کێشت زیاد بێت.

سەبارەت بە بۆنکردنی زەیتی زەیتوونیش، پسپۆرانی ئەڵمانیا دوای چەند توێژینەوەیەک بۆیان دەرکەوتووە، بۆنی زەیتی زەیتوون وا لە مرۆڤ دەکات هەس بە تێربوون بکات، بۆیە هەر کاتێک برسیت بوو و ویستت نان بخۆیت و لە قەڵەوبوون ترسایت، ڕاستەوخۆ بۆنی زەیتی زەیتوون بکە، هەست بە تێری دەکەیت و نانیش ناخۆیت تا قەڵەو بیت.

ئەوەشیان بۆ دەرکەوتووە، بە بۆنکردنی زەیتی زەیتوون ڕێژەی شەکر لە دەمدا ئاسایی دەبێت و وا دەکات تا ماوەیەکی زۆر هەست بە برسێتی نەکەیت.


وشە - ڕێناس شابان