بەشیر حەداد بۆ لیژنەی پێداچوونەوە بە دەستوور: ماوەی یاساییتان تەواو بووە و كۆتا بە كارەكانتان بهێنن

:: PM:01:23:26/11/2020 ‌
  جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، بۆ پێشنیاركردنی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق لەسەر هەندێك مادەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش مادەی 140ی دەستوور داوا كراوە، لیژنەكەیان كارەكانی خۆیان راگرن و راپۆرتی كۆتایی خۆیان رادەستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە، مشتومڕ لە نێوان لیژنەی كاتی بۆ پێشنیاركردنی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق دروست بوو لەسەر هەندێك مادەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش مادەی 140ی دەستوور.

ڕوون كراوەتەوە، بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە نووسراوێكی فەرمی داوای كۆتاهێنانی كارەكانی ئەو لیژنەیەی كرد.

لە نووسراوەكەی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە ئاراستەی لیژنەی كاتی بۆ پێشنیاركردنی هەمواركردنەوەی دەستوور كراوە، داوا كراوە كە لیژنەكەیان كارەكانی خۆیان راگرن و راپۆرتی كۆتایی خۆیان رادەستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن.

بەشیر حەداد ئاماژە بەوە دەكات كە لیژنەی كاتی بۆ پێشنیاركردنی هەمواركردنەوەی دەستوور كە بە فەرمانی ژمارە 221 لە رێكەوتی سێی تشرینی دووەمی 2019 پێكهێنرا، بەپێی مادەی 140ی دەستووری عێراقی ماوەی چوار مانگی لە بەردەم بوو بۆ ئەوەی پێشنیارەكانی خۆیان لە مەڕ هەمواركردنەوەی دەستوور ئامادە بكەن، بەڵام لەو ماوەیەی كە پێیان درا و بگرە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناشەوە دەرفەتێكی زیاتریشیان پێ درا، بەڵام ئەو لیژنەیە نەیتوانی لە ماوەی دەستووریدا كارەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بۆیە پێویستە كۆتایی بەكارەكانیان بهێنن و راپۆرتی كۆتایی پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن.



وشە - رامیار جەواد