خانمێكی 63 ساڵان منداڵی بوو

:: PM:08:46:22/02/2017 ‌

لە پێشهاتێكی دەگمەندا، خانمێكی تەمەن 63 ساڵانی سریلانكی لە  ئیمارات منداڵێكی بوو، كە تەندروستی خۆی و منداڵەكەی لە بارێكی باشدایە.

سایتی "سی ئێن ئێن" عەرەبی بڵاوی كردەوە، كە لە پێشهاتێكی دەگمەندا، ئافرەتێكی تەمەنهەڵكشاو لە نەخۆشخانەی سۆمبی لە دوبەی، بە نەشتەرگەری منداڵی بووە.

دوای تەواوبوونی مانگی نۆیەمی سكپڕییەكەی، ئەو خانمە گواسترایەوە ژووری نەشتەرگەری، بەو پێیەی تووشی خوێنبەربوون بووبوو، بۆیە نەشتەرگەری بۆ كرا و لەو ڕێیەوە منداڵەكەی بوو.

دكتۆرە جاگیت نێرمالا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و لەدایكبوون لە نەخۆشخانەی سۆمبی، بۆ سایتەكە رای گەیاندووە، كە نەشتەرگەرییەكە دەرهاویشتەیەكی وەها خراپی نەبووە كە جێی باس بێ، كێشی منداڵە لەدایكبووەكەیش گەییشتە 2.3 كیلۆ گرام.

ئەو ئافرەتە، لەگەڵ هاوسەرە هیندییەكەدا بڕیاریان دابوو منداڵی بلووری بچێنین و ئەو منداڵەیەشیان لەو رێگەیەوە بوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی خانمەكە نەخۆشیی شەكرەی هەبووە، لە كاتی سكپڕییەكەیدا رۆییشتنی ئاسان نەبووە.

ئەو دكتۆرە پسپۆڕە، ئاماژە بەوە دەكات، كە سكپڕی لە ساڵانی درەنگی تەمەنی ئافرەتدا، مەترسی و دەرهاویشتەی خراپی لە كاتی لەدایكبووندا زیاد دەكات. هەروەها نەخۆشیی شەكرە و گووشاری خوێن، لە كاتی سپكڕیدا، لە كاتێكی دیكەدا كێشە بۆ منداڵەكە دروست دەكات.




وشە - مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د