پارتی سەردانی چەند لایەنێكی تری سیاسی دەكات

:: AM:11:05:17/01/2021 ‌
بڕیارە لەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی چەند لایەنێكی تری سیاسی بكات و لەگەڵ پێكهاتەكانیش كۆبوونەوە ئەنجام بدات.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ی كانوونی دووەم، كەیفی هادی بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی مەكتەبی پێوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكانی شاندی پارتی بەپێی ئەو بەرنامەیەی دایناوە بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەكان بەردەوام دەبێت.

زیاتر گوتی، پارتی سەردانی سەرجەم حزبە سیاسییەكان دەكات، هەروەها لەگەڵ پێكهاتەكانیش كۆبوونەوە ئەنجام دەدات.

بۆ ئەوەی یەكدەنگی بەرانبەر پرسی كورد لە بەغدا و هەڵبژادرنەكان دروست بكات.
بەپێی زانیارییەكانی بە "وشە" دران، ئێستە شاندەكەی پارتی ئامادەكاری دەكات بۆ سەردانی چەند لایەنێكی تری سیاسی بۆ ئەوەی یەكدەنگی بەرانبەر پرسی كورد لە بەغدا و هەڵبژادرنەكان دروست بكات.

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی پارتی لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و سۆسیالیستیش كۆ ببێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو شاندی پارتی لەگەڵ یەكگرتوو و یەكێتی و گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی و شیوعی كۆبوونەوەی ئەنجام دا.

پێشتر كاكەمین نەجاڕ ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە كە ناوچەكە بە دۆخێكی نەخوازراودا دەڕوات، سەردانی لایەنەكانمان دەست پێ كردووە، بۆ ئەوەی بزانین چیمان پێ دەكرێت، لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەوانەی حكوومەت و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنیشن كۆ دەبینەوە و سەرنجی خۆمان دەگۆڕینەوە و پشتگیری زۆرینەی بە دەست دەهێنین.

بڕیاریشە تا كۆتایی ئەم مانگە چەند كۆبوونەوەیەكی تری نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی حزبە سیاسییەكانی عێراق بەڕێوە بچێت.




وشە - رامیار جەواد