پارتی خوازیارە لایەنە کوردییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن

:: PM:12:00:17/01/2021 ‌
لە چەند رۆژی رابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان، شاندێكی باڵای پێكهێناوە و سەردانی لایەنەكانی دەست پێ كردووە بەمەبەستی دروستكردنی كۆدەنگی لایەنەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەتایبەتی لەو كاتەی لە هەڵبژاردنەكانی عێراق نزیك دەبنەوە.

پارتی دەیەوێ هەموو لایەنەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن تا بەرانبەر بەغدا بە بەهێزی دەربكەون و بتوانن بڕیاری یەكلاكەرەوە و گرنگ بدەن. بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق قسە كراوە كە لایەنە كوردییەكان بە یەك لیست بەشداری بكەن لە ناوچە جێناكۆكەكان.

لە پێناو نەسووتانی دەنگی كورد و كۆكردنەوەی دەنگی كورد

ئەمڕۆ یەكشەم، 17ی كانوونی دووەم خەسرەو گۆران بەپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق پڕۆژەی هەیە كە لە ناوچە جێناكۆكەكان بە یەك لیست بەشداری بكەن لە پێناو نەسووتانی دەنگی كورد و كۆكردنەوەی دەنگی كورد، چونكە زۆر گرنگە كورد لەو ناوچانە بە یەك لیست بەشداری بكات.

لە هەڵبژاردنەكانی رابردووشدا هەمیشە پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێشخەری كردووە تا لایەنەكان لەو ناوچانە بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، بەڵام ئەو لایەنانە ئامادەییان پێشان نەداوە و كورد لەو ناوچانە كەمینە بووە و دەنگی كورد سووتاوە.

پێشتریش كاكەمین نەجاڕ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا باسی لەوە كرد، لەو سەردانەی پارتی بۆ لای لایەنەكان، باسی ئەوە دەكەن كە لایەنە كوردستانییەكان كۆدەنگ بین لەسەر پرسەكان و بەرانبەر بەغدا بەهێزبن لە بڕیاردان و پشتیوانی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەن.


هاوكات حاجی مەسیفی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە بارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، لایەنە كوردییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێستن كە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بە یەك لیست لە ناوچە جێناكۆكەكان بەشداری بكەن.

ئەوەشی گوت، هەموو لایەنەكان یەكهەڵوێستن و كۆدەنگی باشی لەسەر هەیە، لە كۆبوونەوەكانیشدا لەسەر ئەو پرسە قسە كراوە و دەیانەوێ بە بەهێزی لە هەڵبژاردنەكان دەربكەون.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان