گەرمیان.. زیندانیان مانیان گرت و ئاگریان لە هۆڵێك بەردا

:: PM:09:58:17/01/2021 ‌

 ئەمشەو یەكشەم 17ی كانوونی یەكەمی 2021، زیندانیانی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، مانیان گرت و دواتر ئاگریان لە هۆڵێكی زیندانەكە بەردا.
سێ زیندانی ئاگریان لە بەتانییەكانیان بەرداوە
 حەسەن محەمەد، یەكێك لە زیندانیانی گرتووخانەكە بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، جیاكاری لە هاتن و چوونی كەسوكاری زیندانیان بۆ گرتووخانەكە دەكرێت، هەروەها رێگریمان لێ دەكرێ پێوەندی بە كەسوكارمانەوە بكەین .

زیاتر گوتی، ئێمە ژمارەمان پتر لە پەنجا كەس دەبێت و ماوەیەكی زۆرە دەبوو بە كەفالەت ئازاد بكرێین، ئەوەیش نەكراوە، روونی كردەوە، سێ زیندانیمان ئاگریان لە بەتانییەكانیان بەرداوە و دووكەڵ لە هۆڵی زیندانەكە پەنگی خواردبووەوە.

 لای خۆیەوە موقەدەم عەلی جەمال، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بۆ"وشە" گوتی، خۆشبەختانە ئاگرەكە قوربانی لێ نەكەوتووتەوە و پۆلیس بەدواداچوونی بۆ دەكات، روونی كردەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان بڕیاری داوە لیژنە بۆ رووداوەكە پێك بێت.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل