باندێكی قاچاغچی كورد له فڕه‌نسا گیران كه ژماره‌یان پێنج كه‌سه و به تۆڕی قاچاغچی "ئه‌ی 10" ناسراون، كه هاوكات ناوی ڕێی خێرایی نێوان فڕه‌نسا و به‌ریتانیایان له‌خۆیان ناوه كه ناوه‌كه‌ی ئه‌ی 10یه و ئێسته‌یش له گرتووخانه‌ن و له‌به‌رده‌م دادگه‌یش خۆیان به په‌نابه‌ر هه‌ژمار ده‌كه‌ن، به‌ڵام په‌نجه‌مۆریان له‌سه‌ر چه‌ند كلاشینكۆفێكی پێشوو ده‌ركه‌وتووه كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی فڕه‌نساوه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه و به باندێكی ترسناكی بازرگانی به مرۆڤ ناو ده‌برێن، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ سزای چه‌ندان ساڵ به‌ندكردنیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.
میدیاكانی
فڕه‌نسا هیچ زانیارییه‌كیان له‌باره‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و پێنج كورده بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه و ته‌نیا ئاماژه‌یان داوه كه ته‌مه‌نیان له 19 تا 30 ساڵدایه و به نه‌ته‌وه كوردن و هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی و ئێرانین.
كاری ئه‌و بانده كوردییه كه بریتی بووه له په‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌نابه‌ر له فڕه‌نساوه بۆ به‌ریتانیا، له ڕێی كردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی كامیۆن و بارهه‌ڵگره‌كان و تێكردنی په‌نابه‌ران، بێ ئه‌وه‌ی شوفێرهكانیش ئاگه‌داری بن. دواتریش گه‌یاندنی په‌نابه‌ره‌كان بۆ به‌ریتانیا به‌هۆی ئه‌و ڕێیه خێرایه‌وه.
هه‌ڵمه‌تی گرتنیان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆری هێزه تایبه‌ته‌كانی فڕه‌نسا به به‌شداری هه‌لیكۆپته‌ر ئه‌نجام دراوه، له‌وكاته‌ی هه‌ر پێنجیان له نزیك شاری توروس و له یه‌كتربڕی ئه‌ندریه لۆوار له ناوچه‌ی لاڤۆنتینی باكوری توروس و ناوچه‌ی ئۆسۆ گیراون.
وه‌ك هێزه‌كانی ته‌ناهی ئاماژه‌یان پێداوه، كه له مانگی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری ساڵی ڕابردووه‌وه چاودێری ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن و ئه‌وان له خێمه له ته‌نیشت شه‌قامی خێرای ئه‌ی 10 ماونه‌ته‌وه، یان له نێو ئۆتۆمبێله‌كانیان خه‌وتوون، له‌وكاته‌ی له دره‌نگانی شه‌و هاتوچۆ زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه، په‌نابه‌ریان هێناوه و له گه‌راجی بارهه‌ڵگره‌كان ده‌رگه‌ی پشته‌وه‌ی بارهه‌ڵگره‌كانیان كردوونه‌ته‌وه و په‌نابه‌رانیان تێ كردوون و به‌یانیش بارهه‌ڵگره‌كان به‌ره‌و به‌ریتانیا كه‌وتوونه‌ته ڕێ.
چه‌كیان پێ گیراوه و به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گریان له‌سه‌ر ئاشكرا بووه
له كاتی گرتنیان، ده‌مانچه‌یه‌ك و بڕێكی زۆر فیشه‌كیان پێ گیراوه، هاوكات دوای ئه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆریان لێ وه‌رگیراوه، پهنجهمۆرهكانیان هاوشێوه‌ی په‌نجه‌مۆری سه‌ر چه‌ند كلاشینكۆفێك بووه كه له ساڵی ڕابردوو هێزه‌كان له قه‌راخی شه‌قامه‌كه دۆزیانه‌وه، له‌وكاته‌ی خه‌ریكی هه‌ڵمه‌تێكی كێوماڵكردن بوون، ئه‌مه‌یش هێنده‌ی تر سه‌لماندی كه ئه‌وان بكوژ و تاوانبار و بازرگانی به مرۆڤه‌وه ده‌كه‌ن و هیچ گومانێكی لای دادگه نه‌هێشتووه‌ته‌وه.
له دانیشتنی سه‌ره‌تایی دادگه كورده گیراوه‌كان به چیرۆكی دروستكراو ویستوویانه دادگه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنن و وه‌ك په‌نابه‌ر خۆیان پێشانداوه و باسیان له خراپی ژیانی هه‌رێمی كوردستان و ئێران كردووه، دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه به‌هۆی بێكاری و نه‌دارییه‌وه ده‌یانه‌وێ بگه‌نه به‌ریتانیا و هیچ زانیارییه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه نازانن كه كاری قاچاغی ده‌كه‌ن و به‌ڵێنیان پێداون كه بیانگوێزنه‌وه بۆ به‌ریتانیا.
به‌ڵام ئه‌وان بێ‌ئاگان له‌وه‌ی كه پۆلیس په‌نجه‌مۆری سه‌ر چه‌كه‌كانی دۆزیوه‌ته‌وه كه هاوتای پهنجهمۆرهكانی ئه‌وانه‌و جیا له‌وه‌یش ڕێككه‌وتنی هاتنیان بۆ فڕه‌نسا له كۆتایی 2020 داوه، به‌ڵام په‌نجه‌مۆریان له سه‌ره‌تای 2020 له‌سه‌ر كلاشینكۆفهكان بوونی هه‌یه.
هێزی تایبه‌تی فڕه‌نسا بڵاویان كرده‌وه كه ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی به‌و پێنج كهسهوهیش گیراوه، تابڵۆی ساخته‌ی پێوه‌لكێنراوه و هاتوچۆی پێكراوه و به هیچ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی یاسایی نه‌بووه، ئه‌وان چه‌كیان پێ بووه و په‌نجه‌مۆریان له‌سه‌ر چه‌كی پێشوو گیراوه، ئۆتۆمبێلی نایاسایی و ڕێككهوتی هه‌ڵه‌یان داوه و ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو مانگیشه چاودێری ده‌كرێن و به ته‌واوی ڕوونبووه‌ته‌وه لامان كه باندی قاچاغچین و تاوانباری گه‌وره‌ن. بۆیه دادگه باوه‌ڕی به هیچ یه‌كێك له قسه‌كانیان نه‌كردووه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ چه‌ندان ساڵ بخرێنه گرتووخانه‌وه له به‌رانبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامیان داوه.
هێزه تایبه‌ته‌كانی فڕه‌نسا دوو مانگ چاودێری جموجۆڵی كردوون
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست هێزه تایبه‌ته‌كانی فڕه‌نسا كه‌وتووه كه ماوه‌ی دوو مانگه چاودێری ئه‌و بانده ده‌كه‌ن، ئه‌وان له‌گه‌ڵ بانده‌كانی تر به‌رده‌وام له كێشه و ململانێ و شه‌ڕ و گرژیدابوون له‌سه‌ر شه‌قامی خێرایی ئه‌ی 10، زۆرجاریش به‌هۆی هه‌ستكردن به مه‌ترسی كاره‌كانیان گواستووه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی تر و هه‌وڵی تریان داوه، له ناوچه‌ی دو كالیهوه به‌ره‌و باشوور و ناوچه‌ی ئیل دۆ فرانس ڕۆیشتوون، تا خۆیان بشارنه‌وه، زۆر به وردی كاریان كردووه و خۆپارێزانه جووڵاونه‌ته‌وه، به‌ڵام له ئه‌نجامی چاودێری جووڵه‌ی ئۆتۆمبێل توانراوه ئاشكرا بكرێن، چونكه ئه‌وان هه‌موو دره‌نگانێكی شه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌ی دو كالیه و چاودێری ڕێگه‌یان كردووه و هه‌فته یان چه‌ند ڕۆژ جارێكیش له ناوچه‌ی پشوودانی شوفێری بارهه‌ڵگره‌كان په‌نابه‌ریان به نهێنی خستووه‌ته ناو بارهه‌ڵگره‌كانه‌وه.
كاتێك كامێرا‌كان هه‌موو شه‌و هاتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌یانی پشتڕاست كرده‌وه، ئیتر گومانێك نه‌مایه‌وه كه ئه‌وانه بازرگانی به مرۆڤه‌وه ده‌كه‌ن و به‌شێكن له قاچاغچییه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه دواجار ههڵیانكوتاوهتهسهریان و سه‌رجه‌میان گرتوون.