ئاژانسی بلۆمبێرگی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی له‌باره‌ی دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، ناوچه‌كه به ئارامییه‌كی هه‌ستیار تێپه‌ڕ ده‌بێ و هه‌مووان چاوه‌ڕێی هاتنه سه‌ر حوكمی بایدن و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی نوێی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له به‌رانبه‌ر وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
بابه‌ته‌كه له‌لایه‌ن سیس فرانتزمان نووسراوه كه شاره‌زایه له كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، تێیدا ده‌ڵێ، ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و چوار وڵاته عه‌ره‌بییه‌كه له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ڕ له دوای سێ ساڵ گه‌مارۆدانی قه‌ته‌ر، هه‌وڵه‌كانی توركیا به ئاراسته‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ فڕه‌نسا و یۆنان و میسڕ و ئیسرائیل و ئیماڕات و سعوودیه، سه‌رجه‌میان پێشهاتی نوێ و به ته‌واوی جیاوازن كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕوو ده‌ده‌ن، هاوكات ئه‌و پێشهاتانه خێرا و به په‌له ڕوویانداوه، به جۆرێك كه كه‌مبوون ئه‌وانه‌ی پێشبینی پێشڤه‌چوونی له‌مجۆره و گۆڕانی له‌م چه‌شنه گه‌وره‌یان له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرد.
له به‌شێكی تردا ئه‌وه خراوه‌ته ڕوو، كه ئێسته وڵاتانی ناوچه‌كه و ئه‌وروپایش چاوه‌ڕێی هاتنه سه‌ر حوكمی بایدن و بڕیار و سیاسه‌ته‌كانی به ئاراسته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن و هه‌مووانیش هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی نوێی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا به سه‌رۆكایه‌تی بایدن و كامالا بگونجێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا چاوه‌ڕوان ده‌كرێ دوای هاتنه سه‌ر حوكمی جۆ بایدن به پشتیوانی فڕه‌نسا و ئوردن و میسڕ و ئه‌ڵمانیا گه‌ڕێكی تری گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به ئاراسته‌ی ده‌ستكردنه‌وه به گفتوگۆی ئاشتی له نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌ستكردنه‌وه به دانوستاندنه‌كانی نێوان فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیلیش چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ژماره‌یه‌ك وڵاتی تری عه‌ره‌بی بێنه ڕیزی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی كردووه‌ته‌وه، له دیارترین ئه‌و وڵاتانه‌یش كه پێشبینی ده‌كرێ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ته‌لئه‌بیب ئاسایی بكه‌نه‌وه، بریتین له قه‌ته‌ڕ و سوڵتاننشینی عومان.
بايدن به‌شێوه‌یه‌كی ستراتیجی مامه‌ڵه ده‌كات و وه‌ك تره‌مپ نییه بازرگانانه له ناوچه‌كه بڕوانێت
ئاماژه دراوه، كه گه‌ڕی سه‌ردانی به‌رپرسانی وڵاتانی ناوچه‌كه بۆ لای یه‌كتر و گفتوگۆ و دانوستاندن كردن له‌سه‌ر كێشه‌كانیان و بره‌ودان به پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، سه‌رجه‌می پێوه‌سته به خۆئاماده‌كردن و سازان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی جۆ بایدن، چونكه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر وردتر و ستراتیجی تر واشنتن له‌سه‌رده‌می بایدن هه‌نگاو به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بهاوێژێته‌وه.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ به‌هۆی هه‌نگاوه‌كانی بایدن سیاسه‌تی دوژمنایه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به هه‌ندێك له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێ و هه‌ندێك وڵاتی تریش له‌لایه‌ن بایدنه‌وه زۆر به توندی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، جیا له‌وه‌ی كه له به‌رنامه‌ی بایدنیش ڕووسیا و چین به مه‌ترسیدارترین هه‌ڕه‌شه ۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا ناوبراون، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌سته‌مه گرژییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هێنده قووڵ ببێته‌وه، ئه‌گه‌ر پێوه‌ست نه‌بێ به ڕووسیا و چین و سه‌پاندنی هه‌ژموونی ئه‌و سێ زلهێزه به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه.
له بابه‌ته‌كه هاتووه، كه به‌رپرسان و سه‌رۆكی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چاك له‌وه تێگه‌یشتوون، كه بایدن به هیچ شێوه‌یه‌ك به تره‌مپ به‌راورد ناكرێ، كه له چوارچێوه‌ی سوود و قازانج هاوشێوه‌ی بازرگان و سه‌رمایه‌دارێك بیر له هه‌موو هاوكێشه‌یه‌ك بكاته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه زۆرینه‌یان زمانی هه‌ڕه‌شه و گرژیان به‌رانبه‌ر یه‌كتر و به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌ریكا به گشتی نه‌رمتر كردووه‌ته‌وه، ئیتر ڕۆڵ و یاری ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گۆڕێ و پێوه‌ست ده‌كرێته‌وه به مێژوو و بنه‌ما و پره‌نسیپه سه‌ره‌كییه‌كان كه ئه‌مه‌ریكا باوه‌ڕی پێیه‌تی.
ئه‌وه‌ی كه زیاتر جێی سه‌رنجی سه‌رجه‌م وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، دانانی زۆرترین كه‌سی شاره‌زا و به ئه‌زموونه له كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له پۆسته گرنگه‌كانی حكوومه‌تی تره‌مپ، ئه‌مه‌یش جۆرێك له گومانی لای وڵاتان دروست كردووه و به‌شی زۆریشیان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه بایدن گۆڕانكاری یه‌كجار گه‌وره له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌رانبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروست ده‌كات. نایانه‌وێ له‌و گۆڕانكارییه‌یش دا زیانمه‌ند بن، له‌به‌ر ئه‌وه به شێوه‌یه‌كی وردتر و ڕژدتر بیر له جموجۆڵه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه.
خۆی شاره‌زای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته و زۆربه‌ی به‌رپرسه‌كانیش كه دیاریكردوون ئه‌زموونی زۆریان له‌باره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه
له كۆتایی بابه‌ته‌كه هاتووه، كه بایدن ڕۆڵی گه‌وره و یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌گێڕێ له سه‌ر كۆی پرس و كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، چونكه خۆی شاره‌زایی وردی له دۆخی ناوچه‌كه هه‌یه، به‌رپرسانی حكوومه‌ته‌كه‌یشی زۆر ئه‌زموونیان له كاركردن له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه، هه‌ر چۆنێك بێ چوار ساڵی داهاتوو سیاسه‌تێكی ڕژد و ستراتیجی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌دی ده‌كرێ، ئه‌مه‌یش بۆ زۆرێك له وڵاتان هه‌واڵێكی نیگه‌ران و بێزاركه‌ره و به‌شێكی تریشیان پێشوازی لێ ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ئارامكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به پشتیوانی بایدن و ئه‌مه‌ریكاوه.