ئاراس رواندزی
فێرگه‌كانی تۆپی پێ له جیهاندا به به‌ردی بناغه‌ی پێشكه‌وتن و بنیاتنانی داهاتوویه‌كی گه‌ش هه‌ژمار ده‌كرێن، به‌ڵام له كوردستانه‌كه‌ی خۆمان دوور له‌و ئامانجه، به‌شێكیان بۆ كاری به‌دڕه‌وشتی قۆستویانه‌ته‌وه و له جیاتی فێركردن، فێڵ له‌و په‌پوولانه ده‌كه‌ن، كه خه‌ون به دواڕۆژێكی پڕشنگدار ده‌بینن.
مێژووی دامه‌زراندنی فێرگه‌كانی تۆپی پێ له كوردستان زۆر دێرین نییه، ده‌توانم بڵێم ئه‌و 10 ساڵه‌ی دوایی له شار و شارۆچكه‌كاندا سه‌ری هه‌ڵدا، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌و كاره‌ش هه‌ستاون، وه‌رزشكاری دێرینن، تا ئێره كارێكی پیرۆز و جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه ، چونكه بوونی بناغه‌یه‌كی پته‌و، ئایینده‌یه‌كی باشت بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، لێ كاتێك كاره‌كه له چوارچێوه‌ی وه‌رزش ده‌رچوو، یاخود له په‌نای كایه‌كه‌وه، كاری به‌دڕه‌وشتی و قێزه‌ون ئه‌نجام درا، پێویسته زۆر به تووندی بڵێین ستۆپ و هه‌ڵوێست وه‌ربگرین.
له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو زۆر چیرۆك و بابه‌تی جیاواز له باره‌ی ئه‌و كاره قێزه‌ونانه‌ی، كه به‌شێك له سه‌رپه‌رشتیارانی فێرگه‌كان ئه‌نجامیانداوه، باسكرا، به‌شی زۆریان له‌به‌ر ره‌وشتی مرۆڤ و لێكه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ناكرێ لێره‌دا بنووسرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێسته گرنگ و پێویسته، لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌په‌له بڕیاری له‌باره‌وه بدات، دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌نده بۆ لێكۆڵینه‌وه له ته‌واوی ئه‌و كه‌یسانه‌ی هه‌یه، ئینجا دوای كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه و دۆكیۆمێنتی دروست، پێویسته ئه‌و كه‌سانه به پێی یاسا دادگایی بكرێن و ئه‌نجامه‌كه‌شی بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێن، تا ئه‌وانه‌ی به‌و كاره قێزه‌ونانه هه‌ستاون، ببنه په‌ند و جارێكی تر كه‌س بوێریی ئه‌وه‌ی نه‌بێت، نه‌ك ئه‌و كاره ئه‌نجامبدات، بگره بیریشی لێ بكاته‌وه.
ساڵانێكه من تێبینیی زۆرم له‌سه‌ر شێواز و چۆنیه‌تیی كاركردنی فێرگه‌كان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ من زۆر شۆكهێنه‌ر و نه‌زانراو بوو، بوونی ئه‌و ژماره زۆره‌ی فێرگانه‌یه، كه زۆربه‌یان هیچ مۆڵه‌تێكی فه‌رمیشیان نییه!
له ماوه‌یی رابردوو له نزیكه‌وه چاودێریی چه‌ند فێرگه‌یه‌كم كرد، بۆم ده‌ركه‌وت ئامانجی به‌شێكیان پێگه‌یاندنی به‌چكه‌شێران نییه، به‌ڵكو به‌ده‌ستهێنانی پاره و گه‌یشتنه به حه‌زه‌كانیانه، چونكه هیچ جیاوازییه‌كم له نێوان منداڵێكی به‌هره‌دار و جوانێكی بێ به‌هره نه‌بینی!
لێره‌دا من به ته‌واوی به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی گشتیی وه‌رزش به كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانم، چونكه ده‌بوایه هه‌موو ئه‌و فێرگانه له ژێر چه‌تری ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌دا بوونایه و به وردیی چاودێریی ئیشوكار و ئامانجه‌كانیان بكرێت، نه‌ك بێ ئاگا بن له‌وه‌ی چه‌ند فێرگه له كوردستان هه‌یه!
به‌داخه‌وه ئێسته وای لێهاتووه هه‌رچی رۆژێك شووتێكی له تۆپ دابێت، فێرگه‌یه‌كی دامه‌زراندووه! باشه ئه‌و كاره بۆ وا بێ به‌ها كراوه؟
ئاخر فێرگه مه‌رج و رێسا و یاسای خۆی هه‌یه، ناكرێ كه‌سێك هیچ بڕوانامه‌یه‌كی له په‌روه‌رده و فێركردن و پێگه‌یاندنی یاریزانان نه‌بێت، كه‌چی دوور له بنه‌ما ئه‌كادیمی و زانستییه‌كه، سه‌رپه‌رشتی و راهێنه‌رایه‌تیی پۆلێك له منداڵان بكات!
ئه‌و كاره نه‌ك سوود، بگره بۆ داهاتووی ئه‌و فێرخوازانه به تایبه‌تی و بۆ تۆپی پێش به گشتی، زیانی زیاتره.
له كۆتاییدا هیوادارم ئه‌و بابه‌ته، كه په‌یوه‌سته به هه‌موو خێزانه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان و داهاتووی وه‌رزش، كه به هۆیه‌وه له مه‌ترسی و داڕووخاندایه، به هۆی ركابه‌ریی حیزبی و شه‌ڕی قێزه‌ونی ناوچه‌گه‌ری، په‌رده‌پۆش و به‌لاڕێدا نه‌بردرێت، با لێگه‌ڕێین یاسا سه‌روه‌ر بێت و دادگاكان بڕیار بده‌ن، هه‌روه‌ها به پێویستی ده‌زانم به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی وه‌رزشییش رێكخستنه‌وه‌ی ته‌واوی فێرگه‌كان بكاته كاری له پێشینه‌ی و میكانیزمی سه‌رده‌میانه و مه‌رجی زانستی بۆ به فه‌رمیی ناساندنیان دابنێ و له نزیكیشه‌وه چاودێرییان بكات.