دووشەم بڕیاری نوێ‌ دەدرێ

:: AM:10:12:19/02/2021 ‌
بڕیارە ڕۆژی دووشەم لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆ ببێتەوە و كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ دەربكات.

ئەمڕۆ هەینی 19ـی شوبات، بەپێی ئەو زانیاریانەی تایبەت بە "وشە" دراون تێدا هاتووە، ڕۆژی دووشەم 22ـی شوبات لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە.

لە زانیارییەكان هاتووە، ئەو لیژنەیە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستە هەرێمی كوردستان لەڕووی تەندروستیی و ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات و كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ دەدات.

پێشتر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، بۆ دۆخی كۆرۆنا هەڵسەنگاندنی دوو هەفتە جارێك دەكرێت و بڕیاری پێویست دەدرێت.

باسی لەوەشكردبوو، تا ئێستە هیچ حاڵەتێك لە تیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە، بەڵام پێویستە هەموو پێشهاتێك لەبەرچاو بگیرێت.

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتی دەكرێت و وەزیری تەندروستی و وەزیری پەروەردە و پارێزگاری شارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان بەشداری دەكەن.






وشە - رامیار جەواد