عێراق.. تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەڵكشانە و ڤاكسین بەرێگاوەیە

:: PM:05:15:24/02/2021 ‌

بەپێی دوایین ئاماری تووشبوونی رۆژانەی پەتای كۆرۆنا لە عێراق، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 4306 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە، بەرانبەر بە 2110 حاڵەتی چاكبوونەوە و 13 حاڵەتی مردن، وەزیری تەندروستی عێراق وادەی گەیشتن و مەرج و شێوازی پێدانی ڤاكسین روون دەكاتەوە. 

بەپێی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم بڵاو كرایەوە، لە 24 سەعاتی رابردوو 4306 حاڵەتی نوێی تووشبوون و 2110 حاڵەتی چاكبوونەوە و 13 حاڵەتی مردن لە سەرانسەری عێراق هەبووە، بەوەیش كۆی تووشبوون تا ئێستە گەیشتووەتە 680288 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 625447 حاڵەت و مردنیش 13324 حاڵەت.

ئەمڕۆ چوارشەم حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق گوتی، گۆڕانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەركەوتنی لە عێراق پێشبینیكراو بوو، جۆری نوێ بەخێرایی بڵاوبوونەوە تووشكردنی منداڵ دەناسرێتەوە، پێچەوانەی جۆری پێشوو، تا ئێستە 300 منداڵ تووشی ڤایرۆسەكە بوونە و هیچ حاڵەتێكی مردنیشمان نەبووە، زیاترین بڵاوبوونەوەیش لە بەری كەرخی بەغدا و هەردوو پارێزگای نەجەف و كەربەلایە.

لەبارەی ڤاكسینەوە گوتی، لە سەرەتای ئازاردا 1.5 ملیۆن ژەمی ڤاكسینی فایزەرمان بەدەست دەگات، جیا لە 3.4 ملیۆن ژەمی ڤاكسینی ئەسترازینیكای بەریتانی لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو، كە 16 ملیۆن ژەممان داواكردووە و بە وەجبە دەگات، بڕیارە لە مانگی ئازاردا هەشت ملیۆن هاووڵاتی ڤاكسینیان پێ بدرێت، سەرەتایش ناوچە هەژارنشینەكان و توێژە پێویستەكان پێیان دەدرێت، لە تەمەنی 16 ساڵییەوە و سەرەتا گرنگی بە بەتەمەنداچووان دەدرێت، دوو ژەم لە ماوەی دوو هەفتە بەهەر كەسێك دەدرێ و هەركەسێكیش پێی درا ناسنامەی تایبەتی پێ دەدرێت.    

شایەنی باسە تا ئێستە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە دنیا بەردەوامە و دوایین ئاماری تووشبوون گەیشتووەتە سەرووی 112 ملیۆن و 768 هەزار حاڵەت و مردنیش گەیشتووەتە نزیكەی دوو ملیۆن و 499 هەزار حاڵەت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل