ڕۆژنامه‌ی
واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی نووسه‌ر جنێفه‌ر رۆبنی له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی جۆ بایدنی سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو كردووه‌ته‌وه و باس له‌وه ده‌كات، كه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشی میلیشیاكانی ئێران له‌لایه‌ن بایدنه‌وه، پێشوازییه‌كی گه‌رمی له ئه‌مه‌ریكا و ناوچه‌كه لێكرا، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ، بایدن سیاسه‌تێكی توند و هاوسه‌نگ پێڕه‌و بكات له‌گه‌ڵ تاران و هیچ نه‌رمیییه‌كیان بۆ نه‌نوێنێت.
له بابه‌ته‌كه هاتووه، كه ئێران ده‌یه‌ویست هاتنه سه‌ر حوكمی بایدن وه‌ك ده‌رفه‌تێكی گه‌وره بقۆزێته‌وه و هه‌راسانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكات، چونكه وا بیری كردووه‌ته‌وه كه بایدن باوه‌ڕی به هێرش و چه‌ك و ململانێی سه‌ربازی نییه و دیموكراته‌كان هه‌میشه له مێژووی ئه‌مه‌ریكا ئاراسته‌ی ئاشتی و دژه جه‌نگیان له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه پێڕه‌و كردووه.
هه‌ر به‌وهۆیه‌وه تاران ده‌یه‌وێ ئه‌زموونی ڕووسیا له ئه‌فغانستان دووباره بكاته‌وه، كاتێك له 2001 ئه‌مه‌ریكا هێرشی كرده سه‌ر ئه‌فغانستان و حكوومه‌تی تاڵیبانی ڕووخاند، مۆسكۆ به نهێنی خه‌ڵات و پاره‌ی ده‌دایه هه‌ر كه‌سێك كه سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكی بكوژێت، بریكاره‌كانیشی به‌و كاره هه‌ڵده‌ستان، ئه‌وه‌ی تارانیش ده‌یكات هه‌مان سیناریۆیه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه نه تاران هاوشێوه‌ی مۆسكۆیه و نه سیناریۆكه‌یش شاراوه‌یه له واشنتن.
كاتێكیش بایدن فه‌رمانی به هێرشكردنه سه‌ر میلیشیاكانی ئێرانی ده‌ركرد و فه‌رمانه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرا، تاران تووشی سه‌رسڕمان بووه و جارێكی تر هه‌موو لێكدانه‌وه‌كانی له ناوچه‌كه هه‌ڵه ده‌رچوون، بۆیه خه‌ریكی پێداچوونه‌وه‌یه به سیاسه‌ته‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێی ئه‌مه‌ریكا.
تاران په‌یامێكی ڕوونی پێگه‌یشت و بایدن له خوێنی سه‌ربازان خۆش نابێت
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌تێكی ورد، به‌ڵام توند له دژی تاران ده‌گرێته‌به‌ر، له‌لایه‌كه‌وه هاوسه‌نگی و نه‌رمی ڕاده‌گرێ بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، به‌ڵام له دیوێكی تره‌وه‌یش هه‌رگیز بێده‌نگ نابێت له به‌رانبه‌ر پێشێلكارییه‌كانی تاران، بۆیه دوو بژاره‌ی خستووه‌ته به‌رده‌م تاران، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئێرانه كه كامه‌یان هه‌ڵده‌بژێرێت، به دڵنیاییه‌وه هه‌ڵبژاردنی بژاره‌ی جه‌نگ و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه به ته‌واوی له زیانی تاراندایه، چونكه به هیچ شێوه‌یه‌ك هێز و توانای ئه‌مه‌ریكا به ئێران به‌راورد ناكرێ و ئه‌مه‌ریكا زۆر به‌هێزتره له‌وه‌ی تاران چاوه‌ڕێی ده‌كات. بۆیه به ناچاری هه‌ر ده‌بێ بژاره‌ی دووه‌م بگرێته‌به‌ر.
دیس رووس دانوستاندكاری پێشووی ئه‌مه‌ریكا له دۆسیه‌ی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین ده‌ڵێ، هێڕشه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا زۆر كاریگه‌ر و ئه‌رێنی بوو، چونكه په‌یامێكی ڕوونبوو بۆ تاران، كه هیچ سه‌رۆكێكی ئه‌مه‌ریكا بێده‌نگ نابێ، كاتێك مه‌ترسی بخرێته سه‌ر گیانی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه و ژیانیان بخرێته به‌رده‌م مه‌ترسی گه‌وره‌وه.
پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی سی ئای ئه‌ی له‌باره‌ی كوشتنی ڕۆژنامه‌نووسی سعوودی جه‌مال خاشقچی و سزادانی 76 كه‌س له‌لایه‌ن واشنتنه‌وه، ئاماژه‌ی ڕوون له به‌رانبه‌ر واقیعیه‌تی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و نه‌رمی نه‌نواندن به‌رانبه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكایش بن له‌سه‌ر پێشێلكردنی ئازادی و دیموكراسی و كوشتن و بڕینی خه‌ڵكی سڤیل.
ئه‌مانه هه‌ردوو پارتی كۆماری و دیموكراتیان خستووه‌ته به‌ره‌یه‌كه‌وه و پشتیوانی هه‌نگاوه‌كانی بایدن ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌م كاره گێڕانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به بڕوای به‌رپرسانی وڵاته‌كه بۆ حه‌قیقه‌تی خۆی، كه به‌رگریكاری سه‌رسه‌ختی مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموكراسی بووه له پێشوودا.
له سعوودیه‌یش توندی كردووه و ئه‌مجاره‌یش نۆره‌ی توركیایه
تامارا ویتس توێژه له په‌یمانگه‌ی برۆكینگز ده‌ڵێ، به‌شێك له به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا هێشتا ڕازی نین و داوا ده‌كه‌ن كه ناوی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی شازادی جێنشینی سعوودیه‌یش بخرێته ڕیزی سزادراوانه‌وه، چونكه ئه‌و ئه‌نجامده‌ری تاوانه‌كه بووه و به فه‌رمانی ئه‌و تاوانه‌كه جێبه‌جێ كراوه.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌مه‌ریكا هه‌نگاوی وردتر و ڕژدتر له‌وباره‌وه بهاوێژێ و په‌یامی ڕوونتر له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌كانی واشنتن بگه‌یه‌نێته سه‌رجه‌م وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هاوسه‌نگی له نێوان هه‌مووان ڕابگرێ، ئه‌مه له‌لایه‌ن تارانیشه‌وه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌رێنی بۆ ده‌كرێ و هانده‌ر ده‌بێ، كه تاران بێته‌وه سه‌ر مێزی دانوستاندنه‌كان و بگات به‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا وڵاتێكی بێلایه‌نه له كێشه‌كانی ناوچه‌كه و پێوه‌ر و بنه‌ماكان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه داده‌نێت.
دروستكردنی ئه‌و هاوسه‌نگییه له میانه‌ی چه‌ند جووڵه‌یه‌كی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو بایدن دڵخۆشكه‌رن و ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا به كرده‌یی ده‌بێته‌وه به پشتیوانی دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ، چیتر له به‌رانبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بێده‌نگی هه‌ڵنابژێرێت له به‌رانبه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ده‌یانه‌وێ به پاره و سامان ده‌می واشنتن بگرن و بێده‌نگی بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌نده ماوه‌ته‌وه بریتییه له توركیا، كه وه‌ك هێزێكی هه‌رێمی ده‌ستوه‌ردانی له چه‌ندان وڵاتی ناوچه‌كه كردووه، تاوانی زۆری دژ به خه‌ڵكی سڤیل ئه‌نجام داوه، جیا له‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره پێشتریش ده‌یان كێشه‌ی له‌گه‌ڵ واشنتن هه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له داهاتوویه‌كی نزیك كارته‌كانی بایدن له دژی توركیا بخرێنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و گورزێكی گه‌وره له توركیایش بوه‌شێنرێت.