بڕیاری نوێ بۆ قەدەغەی هاتوچۆ دەرچوو

:: AM:09:54:06/04/2021 ‌
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاگەداری دەروازە سنوورییەكانی كردووەتەوە بۆ ماوەی دوو هەفتەی تر، قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاری لەگەڵ وڵاتی ئێران بەردەوام دەبێت، ئەوەیش بەهۆی زۆری ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەمڕۆ سێشەم شەشی نیسان، هەڤاڵ نازم خاوەنی نووسینگەی دابینكردنی ڤیزە بۆ ئێران، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاری لەگەڵ ئێران بۆ دوو هەفتەی تر درێژ كراوەتەوە.

ئەو خاوەن نووسینگەیە گوتی، ئەو بڕیارە تا 20ـی نیسان جێبەجێ‌ دەكرێت، ئەویش بەپێی بڕیار و ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی ناوخۆ.

بۆ ماوەی دوو هەفتەی تر، بڕیاری ڕاگرتنی هاتوچۆی گەشتیاران درێژ كراوەتەوە.
لە ڕاگەیەنراوێكی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشماخدا هاتووە، ئاگەداری هاووڵاتییان دەكەینەوە بۆ ماوەی دوو هەفتەی تر، بڕیاری ڕاگرتنی هاتوچۆی گەشتیاران درێژ كراوەتەوە.

درێژكردنەوەی ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە ڕۆژی پێنجشەم 18ـی ئادار، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماوەی دوو هەفتە بڕیاری ڕاگرتنی هاتوچۆی گەشتیاری نوێ كرایەوە.

بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆمەڵێك بڕیاری دەركردووە و ئێستە هاتوچۆی هاووڵاتییانیشی لەگەڵ شارەكانی عێراق ڕاگرتووە.



وشە - رامیار جەواد