بایدن چۆن بەڵانسی نێوان ئیسرائیل و ئێران رادەگرێت؟

:: PM:07:08:12/04/2021 ‌

بە سەیركردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، واتە هەموو دیمەنەكە و بە یەكگرێدانی رووداوەكانی، چەندان پرسیار دێنە ئاراوە، ململانێی ئێران و ئیسرائیل تا كەی بەردەوام دەبێ و لەسەر چییە؟، ئەو ململانێیە تا چ ئاستێك لە بەرژەوەندیی ئەمەریكایە و خۆی یەكلای دەكاتەوە؟، راستە ئێران چەكی ئەتۆمی دەوێ و بۆچی؟، ئەگەر ئێران چەكی ئەتۆمی دەوێ و وڵاتانیش رێگەی پێ نادەن، ئەوان گفتوگۆ لەسەر چی دەكەن؟، ئەمە و دەیان پرسیاری تر.

لە نوێترین رووبەڕووبوونەوەی نێوان دوو دوژمنە سەرسەختەكە، دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی دامەزراوەی نەتەنزی ئەتۆمی ئێرانی كردە ئامانج، پێش ئەوەیش هێرشی كردە سەر كەشتییەكی ئێرانی سەر بە سوپای پاسداران، ئەوانەیش هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئەمەریكا و ئێران لە ڤیەنا بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران، كە لە 2015 واژووی لەسەر كرا و لە 2018 ئەمەریكا لێی كشایەوە، چاودێران پێیان وایە ئەوەی رووی دا پەیامێكی ئیسرائیلی بوو بۆ هەریەك لە ئەمەریكا و ئێران.

كارۆخ خۆشناو، سەرۆكی پەیمانگەی توێژینەوەی ئەمەریكی- كوردی بۆ "وشە"، گوتی، بە هاتنی جۆ بایدن بۆ كۆشكی سپی، ئێران ئومێدی هەبوو هەموو سزاكانی لەسەر هەڵبگیرێت و بتوانێت بگەڕێتەوە ناو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لە رووەكانی ئابووری و سیاسییەوە، بەڵام بەهۆی ئەو رێكارە توندانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی گرتبوونییە بەر، كە لە بەرژەوەندی ئەمەریكا بوون، بۆیە بایدن كە بینی رێكارەكانی ترەمپ بەشێكی پێویست بوو، چونكە ئێران دوای رێككەوتنی 2015 بەهێز بوو و دەستی لە كاروباری هەندێك وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردەدا و بووە هۆكاری ناسەقامگیریی ناوچەكە، لە عێراق و سووریا و یەمەن و لبنان، لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا، ئێران یارمەتی بایدنی دەدا بۆ بردنەوە، چونكە دەیویست رێككەوتنامەی ئەتۆمی زیندوو بكاتەوە.
ئیسرائیل دەیەوێ بەربەست بخاتە بەردەم گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ رێككەوتنامەی ئەتۆمی
زیاتر گوتی، سزا توندەكانی ترەمپ بۆ سەر ئێران بە هاندانی ئیسرائیل بوو، بەڵام بە هاتنی بایدن ئێران گرەوی لەسەر ئەوە بوو رێككەوتنامەی ئەتۆمی زیندوو بكاتەوە، كەچی بایدن لە ژێر چەند گوشارێكدایە، لەوانە كۆنگرێس و ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، كە نایانەوێ ئەمەریكا بە ئاسانی بگەڕێتەوە ناو رێككەوتنەكە، هەروەها لە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنێكی كۆنگرێس هەیە، بۆیە بایدن نایەوێ بەهۆی ئێرانەوە هەڵوێستی خۆی و حزبەكەی لاواز بكات، بۆیە پەلەی نییە بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی.

"ئیسرائیل رۆڵێكی زۆر گرنگی هەیە لەو بابەتەدا، دوێنێ هێرشێكی گەورەی ئەلیكترۆنی كردووەتە سەر دامەزراوەی نەتنزی ئەتۆمی ئێران و زیانی گەورەی پێ گەیاندووە، مەبەستی ئیسرائیل لەو كارە لەو كاتە كە ئەمەریكا و ئێران لە گفتوگۆیەكی ناراستەوخۆن لە ڤیەنا، دەیەوێ بەربەست بخاتە بەردەم گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ رێككەوتنامەی ئەتۆمی، ئەو بە هیچ شێوەیەك رازی نییە ئەمەریكا بگەڕێتەوە ناو رێككەوتننامەكە و ئێران ببێتەوە یاریكەرێكی بەهێز لە ناوچەكە و سزاكانی سەری لاببرێت، چونكە ئیسرائیل متمانە بە ئێران ناكات و قبووڵیشی نییە ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی كە هیڵی سوورە بۆی و ئاسایشی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە، بایدنیش ناتوانێت بە ئاسانی بگەڕێتەوە ناو رێككەوتنەكە دوور لە ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی، هەر بۆیەیش دەبینین ئێران لە رێگای میلیشیاكانییەوە لە ناوچەكە ئەمەریكا دەكاتە ئامانج"، كارۆخ خۆشناو وای گوت. 

ئێران رای گەیاند كە ئەو رووداوەی یەكشەمی رابردوو لە دامەزراوەی نەتەنزی ئەتۆمی رووی دا، كارێكی تیرۆریستانە بووە، تاران مافی وەرگرتنی رێوشوێنی لە دژی ئەنجامدەرانی هەیە، لەوكاتەی ئێزگەی ئیسرائیل لە چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگری گواستەوە، بەوەی مۆساد هێرشێكی ئەلیكترۆنی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكەی ئێران ئەنجام داوە، ئەوەیش دوای ئەوەی تاران لە حەوتی ئەم مانگە ددانی بەوەدا نا كە كەشتییەكی لە دەریای سوور لە بەرانبەر كەناراوەكانی یەمەن هێرشی كراوەتە سەر، بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان كەشتییەكە هی سوپای پاسدارانە و ئەنجامدەریش هەر ئیسرائیلە. 

عەمیشای شتاین، رۆژنامەوانی ئیسرائیلی دەڵێت، پێمان وایە ئەو كێشەی لە بازنەی كارەبایی دامەزراوەی نەتەنز رووی دا، هێرشێكی ئەلیكترۆنی ئیسرائیلییە، لەوكاتەی لە تەمووزی رابردوویش هێرشێكی هاوشێوە كرایە سەر ئەو دامەزراوەیە، ئەفیف كۆخافی، سوپاسالاری ئیسرائیل دەڵێت، كارەكانی سوپای ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دوژمنانمان ئاشكرایە، ئەوان چاودێریمان دەكەن و بیر لە هەنگاوەكانیان دەكەنەوە.

لە میانی سەردانی هەینی رابردووی لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل بۆ دڵنیاكردنەوەی لەبارەی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی گوتی، بەردەوام دەبین لە پابەندیی كۆنكرێتی بەرانبەر بە ئیسرائیل و مسۆگەری پێشڕەویی جۆری ئیسرائیل و بەهێزكردنی ئاسایشەكەی، لەوكاتەی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائل راشكاوانە گوتبووی، پابەندی رێككەوتنی ئەتۆمی نابین، چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات، ئەوەیش هەڕەشەیە بۆ سەر بوونمان، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەگەر جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا دوور لە ئیسرائیل گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنەكە رابگەیەنێت، ئیسرائیل گورزێكی توندی سەربازی ئاراستەی تاران بكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل