مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی گرتنی گرووپێكی تیرۆریستی سه‌ر به داعش له هه‌ولێر په‌یامێكی له تویته‌ر ڕاگه‌یاند و ده‌ڵێ، داعش هێشته توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه به نایاسایی له سنووره‌كان بپه‌ڕنه‌وه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م 12ی نیسان، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ددانپێدانانی گرووپێكی تیرۆریستی بڵاو كرده‌وه كه ویستبوویان له ڕێی ده‌مانچه‌ی بێده‌نگ و بۆمبی چێنرا و كرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن.
داعش له كامپی هوله‌وه ئه‌م پیلانه‌یان داڕشتووه
له‌سه‌ر ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له تویته‌ره‌وه په‌یامێكی ڕاگه‌یاند و ده‌ڵێ، له دوای ئۆپه‌راسیۆنێكی چه‌ند مانگی، هێزه ته‌ناهییه‌كانمان سه‌ركه‌وتووانه پیلانێكی تیرۆرستانی داعشیان له هه‌ولێر پوچه‌ڵكرده‌وه كه له سووریاوه پیلانه‌كه ڕێكخراوه و ئاراسته‌كراوه، ئه‌ندامانی ئه‌م گرووپه تیرۆریستییه كه سه‌ر به ڕێكخراوی داعشن، ئێسته گیراون و له ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان.
"به پێی زانیاریی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانمان، داعش له كامپی هوله‌وه ئه‌م پیلانه‌یان داڕشتووه، ئه‌مه‌ش جێی نیگه‌رانییه و ده‌ریده‌خات، داعش هێشته توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه به نایاسایی له سنووره‌كان بپه‌ڕنه‌وه" سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان وا ده‌ڵێ.
هه‌روه‌ها له كۆتایشدا ده‌ڵێ، داوا له هاوپه‌یمانان و هاوبه‌شه‌كانمان ده‌كه‌م كه مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیریی ھه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه به ھه‌ند وه‌ربگرن. " ده‌مه‌وێ دڵنیایی بده‌مه خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌وانی سه‌ردانی ھه‌رێم ده‌كه‌ن كه پارێزراو ده‌بن و ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانمان به به‌رده‌وامی كار ده‌كه‌ن بۆ پاراستنی هه‌موو چین و توێژ و پێكهاته‌كانی كوردستان له تیرۆر و توندوتیژی. ستایشی كار و چالاكی خێرا و ده‌ستبه‌جێی هێزه‌كانمان ده‌كه‌م، پابه‌ندبوون و خۆبه‌خشیی ئه‌وان ، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ببین به یه‌كێك له ئارامترین ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".