ڕۆژی چواری ئه‌م مانگه نیسان/ئه‌پریل، كاروانی زێڕینی ته‌رمی مۆمیاكراوی 22 فیرعه‌ونی میسڕ له مۆزه‌خانه‌ی
میسڕ له گۆڕه‌پانی ته‌حریری قاهیره بۆ مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی شارستانیه‌تی میسڕ له شاری فستات له باشووری قاهیره به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ناوازه و تایبه‌ت گوێزرانه‌وه، ئه‌مه هه‌م زیندووكردنه‌وه‌ی ئینتیمای نیشتمانی بوو بۆ میسڕییه‌كان، هاوكات به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی میسڕ له‌گه‌ڵ توركیا، په‌یامێكیش بوو بۆ هێزی نه‌رمی توركیا كه چه‌ند ساڵێكه له‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی پێشتر له ژێر ده‌ستی عوسمانییه‌كان بوو خستوویه‌تییه گه‌ڕ.
كاتێك به ڕێڕه‌وی مێژوودا بگه‌ڕێینه‌وه، هه‌موو گه‌لانی ناوچه‌كه مێژوو و شارستانیه‌تی مه‌زنتر و كۆنتریان له توركه‌كان و عوسمانییه‌كان هه‌یه، به‌ڵام توركه‌كان چه‌ندان ساڵه به به‌رنامه له ڕێی هێزی نه‌رم و درامای مێژووییه‌وه، ده‌یانه‌وێ به بیانووی زیندووكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئاینی سۆزی خه‌ڵكی ته‌واوی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا بۆ لای خۆیان كێش بكه‌نه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ هانیان بده‌ن تا بیر له‌و ڕۆژانه بكه‌نه‌وه كه عوسمانییه‌كان ڕابه‌ڕایه‌تی ئه‌و ناوچه فره‌وانه‌یان ده‌كرد و ئاینی ئیسلامیان له ده‌ستی نه‌یارانی ئیسلام ده‌پاراست.
به دڵنیاییه‌وه خه‌ڵكی دڵپاك و ساده‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه كه پابه‌ندیه‌تی زۆری ئاینیان هه‌یه به بینی دراماكان و گه‌وره‌كردن و قه‌به‌كردنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی عوسمانییه‌كان له شه‌ڕه‌كان و به‌ستنه‌وه‌ی به ئاینه‌وه، هه‌ستێكی شانازی و به مه‌زنتر وێناكردنی ڕابردوویان له ئێسته لا دروست بووه‌وه، كه ئه‌مه‌یش به ته‌واوی هه‌مان ئه‌و ئامانجه بوو كه توركیا بۆ گه‌یشتن پێی به ملیۆنان دۆلاری له‌و زنجیره درامایانه خه‌رج ده‌كرد.
میسڕ به‌و هه‌نگاوه وه‌ڵامێكی توندی هێزی نه‌رمی توركیا به پله‌ی یه‌ك و ئێرانی دایه‌وه
له ئه‌نجامی ئه‌و زنجیره درامایانه‌ی كه توركیا به‌رهه‌می هێنا و بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و كوردی و زمانه‌كانی تری وه‌رگێڕا، توانی خه‌ڵكێكی زۆر له‌و ناوچانه بۆخۆی كێش بكات، هه‌ر بۆیه له سووریا و لیبیا و وڵاتانی تری ده‌یان گرووپی چه‌كداری ئیسلامی دروستبوون و له پێناوی توركیای ئێسته و ئامانجه‌كانی چه‌كیان هه‌ڵگرتووه و كار بۆ به‌دیهێنانی خه‌ون و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا ده‌كه‌ن، كه ده‌یه‌وێ په‌یمانی میللی و نه‌خشه‌ی توركیا بۆ سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان بگێڕێته‌وه و زۆربه‌ی ناوچه‌كان بخاته‌وه ژێر ڕكێفی خۆی، ئه‌گه‌ر به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سنووره‌كانیش نه‌بێ، ئه‌وا به سه‌پاندنی هه‌ژموون و كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كان ئه‌و خه‌ونه‌ی بهێنێته دی.
گه‌لان و ده‌سه‌ڵاتداران و حكوومه‌ته‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه به وردی له‌و سیاسه‌ته‌ی توركیا تێنه‌گه‌یشتن و بابه‌ته‌كانیان ته‌نیا وه‌ك كارێكی درامی و سینه‌مایی لێكدایه‌وه، به‌ڵام دواجار میسڕ هاته هۆشخۆی و به ڕێكخستنی ئه‌و كاروان و مه‌ڕاسیمه ناوازه و شكۆمه‌نده بۆ ته‌رمی مۆمیاكراوی 18 فیرعه‌ون و 4 شاژنی پێشووی میسڕ، ویستی شكۆمه‌ندی و شانازی بخاته نێو دڵی میسڕییه‌كانه‌وه و ئه‌و وه‌هم و خواسته‌ی توركیا ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر هزر و ده‌روونیان بیسڕێته‌وه و په‌یامێكیش به ئه‌نكه‌ره بدات، كه ئه‌و كاته‌ی میسڕ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ڕێسا و حكوومه‌ت و سوپا بوو له ناوچه‌كه، توركه‌كان هیچ بوونێكیان له نێو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا نه‌بوو.
زیندوو ڕاگرتن و به‌رز ڕاگرتنی شارستانیه‌ت و مێژوو و شكۆمه‌ندی هه‌ر گه‌لێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌تی خۆیه‌وه، به گوێره‌ی تێز و پێشڤه‌چوونه نوێكانی زانستی ڕامیاری، هه‌نگاوێكی گرنگه، تا ده‌رگه به ڕووی هه‌وڵی وڵاتانی ده‌ره‌كی دابخات، كه ده‌یانه‌وێ له ڕێی هێزی نه‌رمی دراما و فیلمه‌وه سۆز و هه‌ستی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌كان بۆ لای خۆیان ڕابكێشن.
ته‌نیا توركیایش نییه له ناوچه‌كه كه كار به‌و سیاسه‌ته ده‌كات، به‌ڵكوو كۆماری ئیسلامی ئێرانیش كه ئامانجی چه‌سپاندنی سیسته‌مێكی ئیسلامییه له هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی ناوچه‌كه، له چه‌ند ساڵی ڕابردوو ده‌یان دراما و زنجیره‌ی ئیسلامی به‌رهه‌مهێناوه و بۆ سه‌ر زمانی گه‌لانی ناوچه‌كه وه‌رگێڕدراون، به به‌راورد به عه‌ره‌ب و گه‌لانی تری ناوچه‌كه تورك و فارس كه‌مینه‌ن، له ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌یش جیاوازن، بۆیه قووڵكردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئاینی تاكه ده‌روازه‌ی هه‌ردوو وڵاته بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموون به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه، له پێناوی به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان به بیانووی ئاینه‌وه.
ساڵانێكه ئه‌نكه‌ره و تاران به هێزی نه‌رمی دراماكان سۆز و هزری كۆمه‌ڵگه‌كانی ناوچه‌كه بۆخۆیان كێش ده‌كه‌ن
تاران هه‌رچه‌نده مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه، به‌ڵام ڕژێمه ئیسلامییه‌كه‌ی دراما و زنجیره له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئیمپراتۆره‌كانی پێش هاتنی ئیسلام به‌رهه‌مناهێنێت، چونكه له‌و ڕێگه‌یه‌وه به ته‌واوی له دژی ئامانجه‌كانی ڕژێمی ئیسلامی كار ده‌كات، به‌ڵام هه‌موو مێژووی ئێرانی فه‌رامۆش كردووه و به درامای ئاینی و گوتنه‌وه‌ی دروشمی ڕزگاركردنی قودس ده‌یه‌وێ گه‌لانی ناوچه‌كه ده‌سته‌مۆ بكات.
له‌و نێوه‌نده‌دا میسڕ و كوردستان و ناوچه‌كانی خوارووی عێراق خاوه‌نی دێرینترین مێژوون له ناوچه‌كه، دواجار میسڕییه‌كان له په‌یامی تاران و ئه‌نكه‌ره تێگه‌یشتن و به سازكردنی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه شكۆداره بۆ فیرعه‌ونه‌كان په‌یامێكی ڕوونیان به نه‌رمی به گوێی هه‌ردوو وڵات دا، به‌ڵام كوردستان و عێراق كه به لانكه‌ی مرۆڤایه‌تی داده‌نرێن و شارستانیه‌ت له دۆڵی ڕافیده‌ین و چیاكانی كوردستانه‌وه ده‌ستی پێكرد و له گونده شوێنه‌وارییه‌كانی كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار كشتوكاڵ دۆزرایه‌وه و پێشڤه‌چوون هاته‌دی، كه‌چی تا ئێسته له‌و په‌یامه نه‌گه‌یشتوون و كۆمه‌ڵگه‌كان له‌لایه‌ن میدیاكانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی تری عه‌ره‌بی، بێ ئاگا خراونه‌ته خزمه‌تی سیاسه‌تی ئه‌نكه‌ره و تاران و جیا له قاهیره تا ئێسته هیچ وڵات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر به سازكردنی ڕێوڕه‌سمی شارستانی شكۆمه‌ند و دروستكردنی درامای مێژووی و شارستانی نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی ئه‌و دوو وڵاته ته‌ماحكاره بداته‌وه، كه به درێژایی مێژوو به هێزی نه‌رم توانیویانه خه‌ڵكی ناوچه‌كان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن.