ئەمەریكا رەتی كردەوە دەستی لەو هێرشە هەبێ كە كرایە سەر وێستگەیەكی ناوكیی ئێران

:: AM:10:33:13/04/2021 ‌
دوای ئەو هێرشەی كرایە سەر وێستگەی ناوكیی نەتەنز و ئێران ئیسرائیل و ئەمەریكای بە ئەنجامدەری هێرشەكە تۆمەتبار كرد، ئەمەریكا رەتی كردەوە دەستی لە هێرشەكەدا هەبێت.

جۆن ساكی گوتەبێژی كۆشكی سپی ئاماژەی دا، ئەوانیش هەر لە میدیاكانەوە ئاگایان لەو هێرشە هەبووە، بۆیە ئاگادار نین و ناشتوانن هیچ زانیارییەكی پێوەندیدار بە هێرشەكەش بڵاو بكەنەوە و قسەی لەسەر بكەن.

رۆژی چوارشەم گەڕێكی تری دەست پێ دەكات.


ئەو روونی كردەوە، سەرنجی ئەمەریكا زیاتر بۆ سەر ئەو دانوستانانەیە كە لە ڤیەننا بەڕێوە دەچن. مەبەستی گوتەبێژەكە ئەو دانوستانانەیە كە لە نێوان ئەمەریكا و چوار كۆ یەك و پاشان ئێران و چوار كۆ یەك بەڕێوە دەچن، رۆژی چوارشەم گەڕێكی تری دەست پێ دەكات.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، رۆژی یەكشەم 11ی نیسان هێرشەكە بۆ سەر وێستگەی ناوكیی نەتەنز رووی دا و زیانێكی زۆری بەر ئەو بنكەیە گەیاند، دەگوترێت لانی كەم نۆ مانگ چالاكییە ناوكییەكانی ئەو وێستگەیەی دواخستووە.

هەر لە سەرەتاوە ئیسرائیل دژی دانوستانی ناوكیی ئەمەریكا و ئێران بووە، ئێستە كە بە ناوبژیوانی وڵاتانی چوار كۆ یەك خەریكن ئێران و ئەمەریكا بە رێككەوتن دەگەیەنن، ئیسرائیل یەكلایەنە دەستی بە هەنگاوەكانی كردووە.

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، چەندان جار پێداگری لەوە كردووە كە رێ نادات ئێران دەستی بە هەر جۆرە چەكێكی ناوكیی را بگات.



وشە - سلێمان تاشان