چۆن سوود لە سۆشیال میدیا دەبینرێت بۆ رێگرتن لە تیرۆر و تاوان و توندوتیژی؟

:: PM:04:06:12/05/2021 ‌

وەك چۆن توندڕۆیان سوود لە سۆشیال میدیا دەبینن بۆ بەیەكگەیشتن و رێكخستنی ئەندامی نوێ و بڵاوكردنەوەی هزری توندڕۆیی و جوانكردنی كار و كردەوەكانیان، چاودێران پێیان وایە هەر ئەو سۆشیال میدیایە كانگایەكی زێڕە بۆ دەزگاكانی دژ بە توندڕۆیی و تیرۆر بۆ راوكردن و زاڵبوون بەسەر هزری توندڕۆیی و پووچەڵكردنەوەی پلانەكانیان، بەڵام كەی سوودی لێ دەبینرێت؟

سۆشیال میدیا بووەتە زەوینەیەكی لەبار بۆ پەرەسەندنی گوتاری رق و توندوتیژی، لەوكاتەی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنۆلۆجیا لە فەیسبووك و تویتەر و گووگڵ، كار بۆ هەر پۆستێك دەكەن كە شیرازەی كۆمەڵگا بشێوێنێت، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی دەزگاكانی هەواڵگری و دامەزراوە یاساییەكان سوود لە سۆشیال میدیا نابینن لە نەهێشتن و رووبەڕووبوونەوەی تاوان و تیرۆردا؟
ناكرێت پێوەندییەكانی بازرگاكانانی مادەی هۆشبەر و و تیرۆریستان وەك پاراستنی تایبەتمەندی سەیر بكرێت
ئیمانوێل ئۆتۆلینگی، توێژەر و ئەندام لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتیەت لە واشنتن دەڵێت، پێویستە كۆمپانیاكانی سۆشیال میدیا پێڕەوی رەوتێكی زیاتر كردەنی بكەن و زانیارییەكانیان لەگەڵ ئاژانسەكانی جێبەجێكاری یاسا هاوبەشی پێ بكەن، ئەو توێژەرە لە وتارێك لە گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی"ی ئەمەریكی دەڵێت، داخستنی حیساباتی كەسیی كەسان و دامەزراوە مەترسیدارەكان، چارەسەریان ناكات و مەترسی ئەوان لەناو نابات، بەڵكو پاڵیان دەنێت بۆ خۆشاردنەوە دوور لە چاوەكان، هاوكات كۆمپانیاكانی بەیەكگەیاندنی كۆمەڵایەتی تۆمارێكی باشیان نییە لە جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانیان، كە دەبێت ئەو حیساباتانە دابخات كە پێشێلی سیستمی بنەڕەتی بڵاوكردنەوە دەكەن. 

ئەو توێژەرە دەڵێت، بینینی ئەو بڕە زۆرەی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر و وێنەی رووتی منداڵ و رێكلامكردن بۆی لە تۆڕەكانی فەیسبووك و ئینستاگرام و سناپچات، ئاماژەیەكە بۆ شكستهێنانی ئەو كۆمپانیایانە لە رووبەڕووبوونەوەی مادە و پۆستە نایاساییەكان. 

ئەو شارەزایە چەند نموونەیەك باس دەكات كە چۆن تاوانكار و تیرۆریستان سوود لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبینن، لەوانەیش چەند قەوارەیەكی سزادراو لەلایەن ئەمەریكا، لەوانە زۆرێك لەوانەی پاڵپشتیی دارایی لە حزبوڵای لینانی دەكەن و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای داون بەهۆی كۆكردنەوەی پارە بۆ حزبەكە لە ئەمەریكای باشوور، لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئازادانە كار دەكەن، هەروەها بڵاوكردنەوەی وێنەی شەڕوانانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا سوودی بۆ دەیاریكردنی شوێنی ئەوان لەو وڵاتە هەبوو. 

لێرەدا پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە كە رێگەدان بە تیرۆریست و تاوانكاران بۆ بەكارهێنانی تۆڕەكانی سۆشیال میدیا و گۆڕینەوەی زانیارییە هەواڵگرییەكان بە ئاشكرا، سوودی هەیە یان نا، ئۆتۆلینگی دەڵێت، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سوودی بۆ دەزگاكانی هەوڵگری هەبووە، بۆ نموونە سوودبینین لەو وێنانەی پاسدارانی ئێران لە 2015 لە سووریا بڵاویان كردەوە، بووە هۆی دیاریكردنی شوێنیان و ئەو فڕۆكانەی پێی گوازرابوونەوە و ئەو چەكانەی پێیان بوو و ئاشكراكردنی ناسنامەی خۆیان و سەرانیان و ئەو فڕۆكەخانانەی سووریا بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی لۆجیستی بەكاریان دێنێت.

هەروەها دانانی حیسابات بەناو كوژراوانی میلیشیاكان و شوێنە پیرۆزەكان و تۆماری ڤیدیۆیی ناوی كوژراوان و شوێنی كورژانیان و كۆمێنت نووسینی خەڵكەكە، بووە هۆی دابینكردنی سامانێك لە زانیاری هەواڵگری لەسەریان، بۆیە ئەو توێژەرە دەڵێت، سوودی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەوكات زیاتر روون دەبێتەوە، كاتێك بەكارهێنەرانی بە ئاشكرا پۆستەكانیان بە زیادەوە دادەنێن، لەوكاتەی داخستنی حیساباتی كەسە مەترسیدارەكان، مەترسیداریان لەناو نابات، بەڵكو بەرەو خۆشاردنەوە پاڵیان دەنێت.

ئۆتۆلینگی وای دەبینێت كۆمپانیاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رێگا نادەن دەزگا هەواڵگرییەكان و جێبەجێكارانی یاسا بچنە ناو تایبەتمەندیی حیساباتە چالاكەكان، چونكە توڕەیی گشتی دروست دەكات، بەوەیش ئەوان ناتوانن كاری خۆیان ئەنجام بدەن، چونكە فەراهەمكردنی دەروازەیەك بۆ چاودێریكردنی چالاكییەكان دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەبارەی تایبەتمەندی خەڵك و دروستبوونی دەوڵەتی چاودێریكار، لەوكاتەی بەمدواییە داواكاریی حكوومەتەكان بۆ گەیشتن بە زانیاری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زیادی كردووە، بۆیە دەبێت ئەوان بیسەلمێنن كە تێوەگلانی بەشێك لە حیساباتەكان بە بازرگانی مادەی هۆشبەر یان چالاكیی تیرۆریستی، لە پێشێلكردنی تایبەتەمەندیی كەسیی مەترسیدارترە. 

ئەو توێژەرە دەڵێت، حیسباتی گرووپە تاوانكاری و تیرۆریستییەكان شایەنی لابردنە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هاوكات دەبێت كۆمپانیاكانی سۆشیال میدیا كار بۆ رێگرتن لە بەكارهێنانیان بۆ كاری ترسناك بكەن، بەڵام هێشتنەوەی ئەو حیساباتانە لە ناوچەی خۆڵەمێشی سوودی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی زیاترە لە داخستنیان، بۆیە ئێستە ئەو بابەتە كێشەیە، رەنگە كۆمپانیاكان بیر لەوە بكەنەوە، بەڵام بژارەی باشتر ئەوەیە زانیاری هەواڵگری زیاتر لەو رێگایەوە كۆ بكرێتەوە، چونكە ناكرێت پێوەندییەكانی بازرگاكانانی مادەی هۆشبەر و و تیرۆریستان وەك پاراستنی تایبەتمەندی سەیر بكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل