میسی بووە یەكەم یاریزانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا

:: PM:12:12:20/10/2016 ‌

لیۆنێل میسیی ئەرجەنتینی و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی شەوی رابردوو لە یاریی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا هاتریك (3 گۆڵ)ی لە یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی تۆمار كرد و گۆڵێكیشی بۆ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی دروست كرد.

بە تۆماركردنی ئەو 3 گۆڵە، میسی بووە یەكەم یاریزان زۆرترین هاتریك لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا تۆمار بكات كە 7 هاتریكە، دوای ئەویش كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید دێت كە تا ئێستا 5 هاتریكی تۆمار كردووە، دوای ئەوانیش لویس ئەدریانۆ، فیلیپۆ ئینزاگی و ماریۆ گۆمێز دێن كە هەریەكەیان 3 هاتریكیان تۆمار كردووە.

دوای تێپەڕبوونی 3 یاریی لە قۆناغی كۆمەڵەكانی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا یانەی بەرشەلۆنە بەهێزترین هێڵی هێرشبەری هەبووە بە تۆماركردنی 13 گۆڵ، دوای ئەویش یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دێت بەتۆماركردنی 10 گۆڵ و یانەكانی بایرن میونشنی ئەڵمانی و ریال مەدریدی ئیسپانی و ئارسناڵی ئینگلیزیش هەریەكە 7 گۆڵیان هەیە.

لەو سێ یارییەی یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی ئەمساڵی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئەنجامیداوە، میسی تەنیا لە دوو یارییدا بەشدار بووە و توانیویەتی 7 گۆڵ تۆمار بكات و 2 گۆڵی تریش بۆ هاوڕێكانی دروست بكات.

جێی باسە میسی ئێستا لەگەڵ هەریەك لە یاریزانان سێرجیۆ ئەگوێڕۆی هاونیشتمانی لە یانەی مانچستەر سیتی و ئەندریاس كۆرنلیوسی هێرشبەری یانەی كۆپنهاگن، بەتۆماركردنی 6 گۆڵ لە ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م