بافڵ هەڕەشە لە گرووپەكەی لاهوور دەكات

:: AM:11:11:15/06/2021 ‌
بافڵ تاڵەبانی پەیامێكی هەڕەشەئامێز بڵاو دەكاتەوە و ڕای دەگەیەنێت، بەتوندی ڕووبەڕووی هەركەس و لایەنێك دەبینەوە كە لەپێناو بەرژەوەندیی كەسی ‌و تایبەت دەستدرێژیی بكەنە سەر موڵك ‌و ماڵی گشتی، پشتیوانی سەرجەم دامەزراوەكانی حكوومەت دەبین.

ئەمڕۆ سێشەم 15ـی حوزەیران، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی سلێمانی گوتی، وەك یەكێتی هاوكاریی تەواوی شارەوانی دەكەین بۆ ڕێگری لە زێدەڕۆیی ‌و بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵێك و دەستدرێژیی بكاتە سەر موڵك ‌و ماڵی گشتی.

هاوسەرۆكی یەكێتی گوتی، بەتوندی ڕووبەڕووی هەركەس و لایەنێك دەبینەوە لەپێناو بەرژەوەندیی كەسی ‌و تایبەت دەستدرێژی بكەنە سەر موڵك ‌و ماڵی گشتیی.

بەتوندی ڕووبەڕووی هەركەس و لایەنێك دەبینەوە لەپێناو بەرژەوەندیی كەسی ‌و تایبەت دەستدرێژی بكەنە سەر موڵك ‌و ماڵی گشتیی.
باسی لەوەش كرد، بەهەموو شێوەیەك دژی یاساشكێنی دەوەستینەوە و پاراستنی موڵكی گشتی ‌و سیمای سلێمانی بەئەركی خۆمانی دەزانین، هاوكار و پشتیوانی سەرجەم دامەزراوەكانی حكوومەت دەبین بۆ ڕێگریكردن لەم دیاردەیە و یەكێتی بەرانبەر ئەم كارە نایاساییانە بێدەنگ نابێت.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەشی ڕوون كردەوە، هیچ كەس‌ و گرووپێك لە سەرووی یاساوە نییە، بۆ ئەوەش هەموو هاوكاری ‌و پشتیوانییەكی یەكێتی دووپات دەكەینەوە دژی ئەو كەس و گرووپانە.

پێشتر عەلی‌ حەمەساڵح ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان ڕای‌ گەیاندبوو، داگیركارییەكی فراوان لە سلێمانی بۆ سەر موڵكی گشتی دەستی پێ‌ كردووە و پێویستە ڕێگری لێ بكرێ‌.

ڕوونی كردبووەوە، 22 هەزار پارچە زەوی دەفرۆشرێن كە بەهایان 332 ملیۆن دۆلارە، لەسەر گیرفانی خەڵكی سلێمانی، دەیان كەناڵ و سایت و پەیج دروست كراون.

ئەو گوتانەی بافڵ لە كاتێكدایە پێشتر پەرلەمانتارانی كوردستان و بەرپرسانی یەكێتی، ئاماژەیان بەچەند گروپێكی مافیا دابوو لە سلێمانی كە بەرپرسانی باڵای یەكێتییان لە پشتە، سەرقاڵی داگیركاریی زەوین و بە ناڕاستەوخۆ باسیان لە لاهوور دەكرد.



وشە - رامیار جەواد