سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی داستانی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌

:: PM:12:28:18/06/2021 ‌
74 ساڵ به‌سه‌ر داستانی مێژوویی په‌ڕینه‌وه‌ی مسته‌فا بارزانی، ڕابه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كورد و یاوه‌رانی له‌ ڕووباری ئاراس تێده‌په‌ڕێت و له‌و بۆنه‌یه‌دا، سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی له‌ په‌یامێكدا ڕای گه‌یاندووه‌، "داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانی نەمر و یاوەرانی لە ڕووباری ئاراس ڕەتكردنەوەی داگیركاری و بندەستی بوو و ئومێدی مانەوە و خەباتی لە دڵی گەلی كورد بە زیندوویی هێشتەوە."

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى حوزه‌یران، سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی له‌ په‌یامێكدا ڕاى گه‌یاندووه‌، "ئەمڕۆ 74 ساڵ بەسەر داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانی نەمر و یاوەرانی لە ڕووباری ئاراسدا تێدەپەڕێت. لە 18ی حوزەیرانی 1947ـدا دوای 53 ڕۆژ شەڕ و بڕینی سنووری ئێران و عێراق و توركیا و ڕووبەڕووبوونەوەی سوپا و چەکدارانی سێ دەوڵەت و پووچەڵکردنی هەڕەشەی دوژمنان لە رێڕەوێكی دوورودرێژ و سەختدا بارزانی نەمر و یاوەرانی توانیان لە ڕووباری ئاراس بپەڕنەوە و بچنە خاكی یەكێتی سۆڤییەت. ئەو داستانە ڕەهەندی نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسی و سەربازیی گەورەی هەبوو و كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی لەسەر مانەوەی دۆزی ڕەوای كورد لەو كات و لە قۆناغەكانی داهاتوو بەجێهێشت."

تێیدا هاتووه‌، "لەدوای ڕووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد هەموو هەوڵی دوژمنان ئەوە بوو كە كۆتایی بە خەبات و تێكۆشانی گەلی ستەملێكراوی كورد بهێنن و ئیرادەی مرۆڤی كورد بشكێنن. بەڵام لەو داستانە مێژووییەدا ئیرادەی گەلەكەمان بەسەر پیلانی دوژمنان سەركەوت و ئەوە سەلمێندرا كە ئیرادەی بەرخودان و خۆبەدەستەوەنەدان لەنێو رۆڵەكانی گەلی كوردا هەر دەمێنێت و ئەو ئیرادەیە لە هەموو هێز و سوپا و پیلانێك بەهێزترە."

ڕوون كراوه‌ته‌وه‌، "داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانی نەمر و یاوەرانی لە ڕووباری ئاراس ڕەتكردنەوەی داگیركاری و بندەستی بوو و ئومێدی مانەوە و خەباتی لە دڵی گەلی كورد بە زیندوویی هێشتەوە."





وشە - محەمەد میران