ئۆپرا كۆشكەكەی بە 14 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێ

:: AM:09:26:05/08/2021 ‌
ئۆپرا وێنفری كە لە بواری راگەیاندن و ئامادەكاری بەرنامە لە ئەمەریكا و هەموو دنیادا ناوێكی زۆر دیارە، هاوكات بە سەرمایەدارێكی گەورەیش ناو دەبرێت. كۆشكێكی لە ناوچەیەكی گەشتیاریی ئەمەریكا هەیە، چونكە بواری نییە تێدا بژی یان سەردانی بكات، بە 14 ملیۆن دۆلار فرۆشتوویەتی.

پێگەی "فەرفیش" كە پێگەیەكی میسرییە و بایەخ بە كاری هونەری و كارە هونەرییەكانی هونەرمەندانی عەرەب و دنیا دەدات، لە هەواڵێكدا ئاماژەی بە فرۆشتنی ئەو كۆشكەی ئۆپرا كردووە كە سێ ساڵ بەرلە ئێستە بە هەشت ملیۆن و 300 هەزار دۆلار كڕیبووی، ئێستە بە 14 ملیۆن دۆلار فرۆشتوویەتی، تەنیا لەبەرئەوەی بواری نییە تێیدا نیشتەجێ یان سەردانی بكات.

ئەو كۆشكەی ئۆپرا فرۆشوویەتی، دەكەوێتە دوورگەی ئۆركاس لە ویلایەتی واشنتن كە ناوچەیەكی گەشتیارییە، لەسەر زەوییەكی 43 دۆنمی بتیات نراوە. جیا لە كۆشكەكە كە لەسەر رووبەری هەزار و 200 مەتری چوارگۆشە دروست كراوە، هاوكات چەند خانوویەكی بچووكیشی لە تەنیشت دروست كراون، جیا لە دوو مەلەوانگە.

تەنیا لە كۆشكەكەدا چوار ژووری نووستن و پێنج گەرماو و چێشتخانەیەكی گەورەی تێدایە، هەموو خانووەكان و كۆشكەكە كەوتوونەتە ناو باخچەیەكی گەورە و دەریاچەیەكیش لە شوێنەكەدا هەیە. ژوورێكیش تایبەت بە ساونا لە كۆشكەكەدا هەیە.

پێگەكە ئاماژەی بەوە داوە لەبەرئەوەی ئۆپرا لە ژیانیدا زۆر سەرقاڵە، بۆیە بواری ئەوەی نییە لەو كۆشكەكەدا نیشتەجێ بێت، نەك هەر ئەوە، تەنانەت بواری سەردانیشی نییە، بۆیە لە كڕینی كۆشكەكە پەشیمان بووەتەوە بڕیاری فرۆشتنی داوە.

دواتریش پێگەكە ئەوەشی نووسیوە كە ئۆپرا جیا لەو كۆشكە، چەندان خانووی گەورەی لە واشنتن و نیویۆرك هەیە.

ئۆپرا جایل وێنفری كە لە ساڵی 1954 لە خێزانێكی هەژاردا لە دایك بووە، زۆرینەی ژیانی بە هەژاری بەسەر بردووە، لە بیرەوەرییەكانیدا باس لەوە دەكات كە لە قۆناغی هەرزەكاریدا دەستدرێژیی سێكسیشی كراوەتەسەر. دوای ئەوەی لە بواری راگەیاندندا ناوبانگی دەكرد، زیاتر لە بەرنامەی گفتوگۆ و دیالۆگی كۆمەڵایەتیدا بووە ئەستێرەیەكی زۆر ناودار. ئێستە بە یەكێك لە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا هەژمار دەكرێت. هاوكات بەوە دەناسرێتەوە كە زۆرینەی پارەكانی بە كاری خێرخوازی خەرج دەكات، بەتایبەتی بۆ ئاوارە و لێقەوماوان مندالانی بێ سەرپەرشت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د